2/11/2019

پەتاتە:ئاو و هەوای گونجاو

پەتاتە:ئاو و هەوای گونجاو

پەتاتە:الطاطة
ناوی ئینگلیزی:Potato
ناوی زانستی:Solanum tuberosum

پەتاتە لەجیهاندا وەک گەنم و برنج لەگرنگترین بەرووبومی خۆراکی بەرهەم هێنراون پەتاتە لە زۆر بەی ناوچەکانی جیهاندا بەکاردەهێنرێت خۆراکێکی سەرەککیە لە ئەورووپا و ئەمریکا پەتاتە سەرچاوەیەکی باشە و هەرزانە بۆ وزە چونکە ڕێژەیەکی بەرزی کاربۆهیداتی تێدایە بەروبومی پەتاتە تایبەمەندی خۆی هەیە لەوانە توانای خۆگونجاندنی هەیە لەگەڵ جۆرەها خاک و بارودۆخی ئاو و هەوای جیاوازدا لەبەر ئەوە شوێنە جیاجیاکانی جیهاندا هەیە و دەچێندرێت پەتاتە لە ۷۲ بۆ ٨۰% ئاوە بەڵام ماددەی تریشی تێدایە وەک ماددەی وشک ۲۳% و پرۆتین ۲% و ۱۲.٥ بۆ ۱٨%نیشاستە و شەکر ۲ بۆ ٦.٨% و هەندێ ڤیتامینی تێدایە بەتایبەتی قیتامین C هەروەها پەتاتە ماددەی سولانین Solanine تێدایە بەڕێژەی ۰.۰۱ بۆ ۰.۱% لە کێشی وشک مادەی سولانین تامێکی تاڵی هەیە ئەومادەیەش بەخستنە بەرتیشکی ڕۆژ دروست دەبێت لەهەمان کات بەو تیشکە مادەی کلۆرۆفیلیش دروست دەبێت کەپێیدەڵێن Greening نیشتمانی پەتاتە شاخی { ئەندریزە }یە لەپۆلیڤیا و پیرۆ لەئەمریکای باشوردا لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە پەتاتە هاتوەتە عێراق و لەکوردستانیش چێندراوە بەڵام ئەگەر بارودۆخەکەی شیاو و گونجاو بێت دەتواندرێت بەربوومەکەی ڵە ئاستێکی وادابێت کەبۆ دەرەوەش هەناردە بکرێت .

ژینگەی گونجاو:
بارودۆخی ئاو و هەوا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەسەرکەوتنی چاندنی پەتاتەدا بەتایبەتی ڕووناکی و پلەی گەرمی دوو هۆکاری گرنگن بۆ سەرکەوتنی چاندنی ئەم بەروبوومە لەزۆربەی ناوچەکانی جیهاندا .

ئاو و هەوای گونجاو:
زۆربەی هۆکارە ژینگەیەکان وەکو پلەی گەرمی و درێژی ڕۆژ و پیتی خاک کاردەکەنە سەرگەشە و بەرهەمی پەتاتە بەڵام ئەو هۆکارەی کە زۆر گرنگە و ناتواندرێت بەسەریدا زاڵبین پلەی گەرمیە چونکە بەرووبومی پەتاتە پێویستی بەپلەی گەرمی بەرز هەیە لەسەرەتای ژیانیدا ئەویش بۆ هاندانی سەوزە گەشە انجا دوای ئەمە پلەی گەرمی نزم بۆ هاندانی گەشەکردن و گەورەبونی قەبارەی سەلکەکان و کۆکردنەوەی ماددەخۆراکیە سەوزەکان لەسەلکەکاندا
باشترین پلەی گەرمی کەگونجاوە بۆ سەوزە گەشە ۱٥ بۆ ۲٥س باشترین پلەی گەرمی بۆ دروست کردنی سەلکەکان ۱٥ بۆ ۱٨س خێرایی گەشە کردنی ڕووەک دادەبەزێت گەر پلەی گەرمیەکەی لە ۱٥س کەمتربێت سەلکەکان کەمتردروست دەبن ئەگەر پلەی گەرمیەکەی لە ۲۰س زیاتر بەرزبێتەوە و لەپلەی گەرمی ۲۹س دروست بونی سەلکەکان دەوەستێت ئەمەش دەگەرێتەوە بۆکەمی کاربۆهیدات کەپێویستە بۆ هەناسەدانی ڕووەکەکە
پەتات بەرگەی بەستەڵەکی بەهێزناگرێت چونکە سەوزەگەشە لەناودەچێت بەتایبەت ئەگەر ڕووەکەکە بەتەمەن بێت باشترین پلەی گەرمی شەو بۆ دروست بوونی سەلک ۱۰ بۆ ۱٤س نزم بوونەوەی پلەی گەرمی شەو لە کاریگەری بەرزبونەوەی پلەی گەرمی ڕۆژکەم دەکاتەوە لەکاتێکدا بەرزبونەوەی پلەی گەرمی شەو کاریگەریەکی خراپی هەیە لەسەر دروست بونی سەلکەکان و گەشەکردنیان لەئەنجامی زۆربوونی تێکڕای هەناسەدانی ڕووەکەکان بەبەکارهێنانی زۆربەی ئەو خۆراکەی کەڕووەکەکە دروست کردووە ڕوناکی خۆر کاریگەری هەیە لەسەر گەشە و بەرهەمی پەتاتە ئەوەش دەرکەوتوە هەندێک پۆلی پەتاتە هەستیارە بەماوەی ڕووناکی بەڵام هەندێکی تریان توانای دروستکردنی سەلکیان هەیە لەژێر ماوەی ڕووناکی جیا جیادا بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ماوەی ڕووناکی بچووک هانی دروست کردنی سەلک دەدەن هۆکارەکانی ڕووناکی و پلەی گەرمی بەیەکەوە کاردەکەنە سەر سەووزەگەشە و دروست کردنی سەلک پلەی گەرمی بەرز و ماوەی ڕووناکی درێژ هانی سەوزەگەشە دەدەن بەڵام پلەی گەرمی نزم و ماوەی ڕووناکی کورت دەبنە هۆی زوو دروست کردنی سەلک .

خاکی گونجاو:
پیتی خاک و ترشێتیەکەی و ئاستی ئاوی زەوی گرنگیەکی زۆریان هەیە و کاریگەرن لەسەر نایابی پەتاتە بەشێوەیەکی گشتی دەتواندرێت پەتاتە لەزۆربەی جۆرەکانی خاک دابچێندرێت بەڵام باشترین خاک خاکی تێکەڵی سوکە بەپیت و دەوڵەمەند بەماددە ئەندامیەکان و باش ئاو دادەڵێنێ بەڵام خاکی لمی باش نیە چونکە پارێزگاری لەشێ ناکات و ماددە خۆراکیەکانی کەم تێدایە هەروەها خاکە مەیلە و ترشەکان باشترن لەخاکە مەیلە و تفتەکان چونکە خاکی تفت بەروبومی کەم دەدات پێچەوانەی خاکی ترش .


زۆربوونی پەتاتە: Propogation of patato
سەوزە زۆربوون باوترین ڕێگای زۆربوونی ڕووەکی پەتاتەیە کەڕواندنی سەلکە بچووکە تەواو پێگەیشتووەکان یان بە لەتکردنی پەتاتەی گەورەیە سەرکەوتنی پەتاتە پشت بەباش بەکارهێنانی پۆلی باش دەبەستێت ئەمەش بەرهەمی باش دیاری دەکات .

*بۆیە پێویستە ئەم مەرجانەی خوارەوە لەو پەتاتانەدا هەبێت کەشیاوی چاندنن:
۱.پێویستە هیچ جۆرە نەخۆشیەک لێینەدابێت بەتایبەتی نەخۆشی ڤایرۆسی
۲.لەپۆلەکەی بچێت کەمەبەست لەچاندنیەتی
۳.هیچ زیانێکی میکانیکی بەرنەکەوتبێت
٤.پێویستە لەسەرچاوی باوەڕپێکراو و پسپۆر و تایبەت بهێندرێت
٥.پێویستە سەلکەکان توانای پوت و سین نەبن
٦.پێویستە سەلکەکان توانای سەوزبونیان هەبێت
لەعێراقدا ساڵانە لەو وڵاتە ئەوروپییەکان بەتایبەتی وڵاتی هۆڵەندا و فەرەنسا پەتاتەی باش هاوردە دەکرێت بۆ چاندنی بەهارە بەشێک لەم بەرووبومە هەڵدەگیرێت بۆچاندن لەپایزی داهاتوودا چاندنی بەهاران بەرهەمی باشتردەدات بەبەراودکردن لەگەڵ چاندنی پایزان لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە .

۱.کەمی ڕێژەی سەوز بوونی سەلکەکان لەپایزدا
۲.ئەو بەروبومەی لەچاندنی بەهاراندا تووشی نەخۆشی دەبێت کاریگەرییەکەی لەسەر بەروبومی پایزاندا؟دەردەکەوێت
۳.زوو هاتنی بەستەڵەکی زستانە کۆتای وەرزی پایزدا ڕوودەدات

*هەندێک دیاردە هەن کەپەیوەندیان بەسەلکی پەتاتە و چەرەکردنی هەیە واپێویست دەکات کەباسی لێوەبکرێت کەئەمانەن:
قۆناغی سڕبوون:Rest period
سەلکە پەتاتەکان پاش پێگەیشتنیان دەچنە قۆناغی سڕبوونەوە و ماوەی ٦ بۆ ۱۰ هەفتە دەخایەنێ لەو ماوەیە پەتاتە توانای چەکەرەکردنی نامێنێت هەرچەندە بارودۆخی گونجاویش هەبێت

*ماوەی قۆناغی پشودانیش بەم هۆکارانەوە بەندە:
۱.پۆل
۲.پلەی پێگەیشتن
۳.قەبارەی سەلکەکان
٤.بارودۆخی ئاو و هەوا پێش کۆکردنەوەی بەرەکان
٥.بارودۆخی باو کاتی ئەمبارکردن

*دەتوانێت ماوەی قۆناغی سڕبوون کورت بکەینەوە بەزۆر ڕێگا لەوانە:
۱.پاکردنەوەی سەلکەکان
۲.سەلکەکان بخرێنە ناو لۆکەی تەڕکراو بەگیراوەی پیرۆکسیدی هایدرۆجین
۳.سەرلکەکان مادەی ئەسیلین کلۆرۆ هیدرن پێدابکرێت
٤.سەلکەکان لەگیراوەی تابوریا هەڵبکێشرێت
٥.سەلکەکان لەناگیراوی ئاوی سابۆسیاتانی پۆتاسیوم هەڵبکێشرێت
٦.هەروەها دەتواندرێت قۆناغی سڕبوون بشکێندرێت بەئەمبارکردنی سەلکە پەتاتەکان لەپلەی گەرمی ۲۰ بۆ ۳۰س بۆماوەی ۳ بۆ ٤هەفتە
هەندێ جاریش دەبێت درێژە بدرێت بەقۆناغی سڕبوون ئەویش بۆ ئەو پەتاتانەی بۆ خواردن بەکاردەهێندرێت بۆ ئەو ئەمەبەستەش زۆر مادەی کیماوی بەکاردێت وەکو مالیک هایدرازاند Malic hydrazide کە بەسەر ڕووەکەکاندا دەڕشێندرێت پێش هەڵکەندن بەماوەی ۲ بۆ ۳ هەفتە هەروەها دەتوندرێت سەلکەکان هەڵبگیرێن بۆماوەی ٨ بۆ ۱۰ مانگ بەبێ ئەوەی سەوز ببنەوە لەپلەی ۳ بۆ ٥ س و شێی ۹۰ بۆ ۹٥% .

پۆپە زاڵبوون:Apical Dominanee
مەبەست لەم پۆپەی زاڵبوون ئەوەیە کەچرۆی لاوەکی سەلکەکان ئارەزووی زوتر گەشەکردن دەکەن لەچرۆکانی تر و زاڵن بەسەر چرۆی لابنکەی سەلکەکان هەروەها چاوی ناوەندە چرۆکان زاڵن بەسەر چروەکانی تردا ئەگەر ئەو چوزەرەیەمان لابرد ئەوا ئەو چرۆیەی لەبنکەی سەلکەکەدایە بنکی بەشێکە بەقەدی زەویەوە نوساوە دەست دەکات بەچەرەکردن
هەتا پۆپەی زاڵبوون بەهێزبێت ئەوە ژمارەی قەد گەشە سەندووەکان لەکێڵگە کەم دەبنەوە بەمەش ژمارەی قەدەکان کەم دەبێتەوە لەهەمان کاتیشدا دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی ژمارەی سەلکەکانیش .

لەتکردنی سەلکەکان:
هەندێک جار ڕێگای لەتکردنی سەلکەکان پەیڕە و دەکرێت ئەگەر سەلکەکان گەورەبێت بۆ ئەوەی ئابوریانە مامەڵە لەگەڵ بڕی تووەکە بکرێت هەروەها بۆ ڕێکخستن و دابەش بوونی لقە تازە پێگەیشتوەکان لەعێراق دەتواندرێت سەلکە گەورەکان لەت بکرێت بۆ چاندنیان لەبەهاردا بەڵام سەلکی بچووک و مامناوەندی بەتەواوەتی دەچێندرێت لەچاندنی پایزەدا باشتروایە ئەوکارە نەکرێت سەلکەکان لەت لەت نەکرێت چونکە پلەی گەرمی خاک بەرزە و دەبێتە هۆی بۆ گەنبونیان لەناو زەویدا پلەی گەرمی لەکوتای مانگی ئاب دا ٤۰س دەبێت لەکاتی لەتکردنی پێویستە کێشی هەرپارچەیەک ٤۰ بۆ ٥۰ گم بێت و بەشێوەی شەش پاڵو چاوێک یان زیاتر هەبێت لەسەر سەلکی پەتاتە کۆمەڵێک چاڵی بچووک بچووک هەن کەپێیان دەگوترێت چاو لەناو ئەو چاونەشدا هەندێ چرۆ هەن .

سەوزە ڕواندن ئامادەکردنی توخم پێش چاندن: Presprouting
مەبەست لەسەوزە ڕووان چرۆی ئەو سەلکانەیە کەبۆ ڕواندن ئامادەکراون و دەستیانکردووە بەگەشەکردن لەگەڵبوونی بەری بچوک ئەم پرۆسەیەش بەوە دەبێت سەلکەکان لەناو سندوق بەشێوەی چینی تەنک لەژێر پلەی گەرمی ۱٥ بۆ ۱۷س دابندرێت و ناڕاستەوخۆ بدرێتە بەر تیشکی خۆر بۆ یارمەتیدانی لقەکانی و بەهێزکردنی ئەویش بۆماوەی ۲ بۆ ۳ هەفتە پێش چاندن لەعێراق ئەو توخمانەی لەدەرەوەی وڵات دەهێندرێت لەبارێکی باشدا و شیاون بۆچاندنی بەهارە چونکە چوزەرەیان دەرکردووە و ئامادەن بۆ چاندن لەکاتی دیاری کراودا بەڵام بۆچاندنی پایزە ئەو سەلکانە بەکاردێن کە لەو سەلکانەن لەچاندنی بەهاردا لەکۆتای مانگی مایس و سەرەتای مانگی حوزیران هەڵکەندراون و لەکۆتای مانگی ئابدا دەڕوێندرێت
ماوەی نێوان هەڵکەندن و ڕواندن ئەو ماوەیە لەئەمبارێکی سارد کەپلەی گەرمیەکەی ۳ بۆ ٥ س بێت هەڵدەگیرێت پێش ئەوەی لەئەبارەکە دەربهێندرێت و ئامادەبکرێت و بۆچاندنی پلەی گەرمی ئەمبارەکە پلە پلە بەرز دەکرێتەوە پێش دابەشکردنی بەماوەی ۳ بۆ ٤ هەفتە بەمەرجێک لە ڕۆژەکانی یەکەم پلەی گەرمیەکەی گەشتبێتە ۲۰س بەمە دەست دەکەن بەسەوزبونەوە و درێژی چوزەرەکانیش ۱سم دەبێت انجا دەچێندرێت گرنگی ئەم کارەش ئەوەیە سەلکەکان هەموو دەڕوێن و هیچ سەلکێک بێ ڕواندن بەجێ نامێنێ لەکێڵگەدا ئەمەش دەبێتە هۆی زوو پێگەیشتنی و زۆری بەروبوم .

قۆناغەکانی گەشەکردنی پەتاتە:
پەتاتە بەسێ قۆناغی گەشەکردن تێدەپەرێت کەئەمانەن:
۱.قۆناغی سەوزە گەشە:
لەڕوواندنی سەلکەکانەوە دەست پێدەکات و ماوەی ٦ بۆ ٨ هەفتە دەخایەنێت و لەم ماوەیەدا ڕووەک خۆراکی کۆکراوەی ناو سەلکەکان بەکاردێنێت .
۲.قۆناغی دروستکردنی سەلکەکان :
ئەمەش پاش قۆناغی یەکەم دێت و ماوەکەی نزیکەی ۲ هەفتەیە ئەم ماوەیەش هەمان ئەو کاتەیە کەچرۆی گوڵییەکە دروست دەبن و دەکرێنەوە .
۳.بەکۆتایی قۆناغی دووەم ئەم قۆناغە دەست پێدەکات کەماوەی ٦ بۆ ٨ هەفتەیە و لەم ماوەیەدا سەلکەکان گەورە دەبن هەتا دەگەنە قەبارەی نمونەی پۆلەکەی و بەکۆتایی هاتنی ئەم قۆناغە بەروبومە پێگەیشتووە و هەڵدەکەنیت

کاتی چاندن:
پەتاتە لە عێراقدا بەگوێرەی ناوچەکان دەگۆرێت بەڵام دەبێت ئەو ماوەیەی کەپەتاتە تێیدا دەڕوێندرێت دووربێت لەپلەی بەستن و پلەی گەرمی بەرز پەتاتە لەدوو وەرزدا دەچێنرێت ئەویش وەرزی بەهار و پایزە پێویستە قوڵی چاڵەکانیش لە ٨ بۆ ۱۰سم بێت دوای ئەوەی پەتاتەکانی تێدەکرێت انجا بەخۆڵێکی ورد دادەپۆشرێت بەڵام ئەگەر ڕوبەری چاندنەکە فروان بێت چاندن بەئامێری تایبەت لەسەر دێراو بەبەرزی ۱۰سم ئەنجام دەدرێت

کارەحزمەت گوزاریەکانی:
۱.ئاودان:
پەتاتە بەروبومێکی هەستیارە بۆ ئاو لەبەر ئەوە دەبێت کاری ئاودان بەباشی ڕێک بخرێت چونکە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی بەروبومی پەتاتە ئاودانیش بەگوێرەی قۆناغەکانی گەشەی ڕووەک دەبێت لەقۆناغەکانی یەکەمی ژیانی هەتا سەرەتای گوڵ گرتنی کەم پێویستی بەئاو دەبێت ئەمەش قۆناغی دروست بوونی سەلکەکانە واباوە دوای چاندنی سەلکەکان کەمێک ئاو بدرێت و دوایی تەواو سەوزبونی جارێکی تر ئاو بدرێت بەڵام کاتی دروست بوونی سەلکەکان پێویستیەکی زۆری بە ئاودان هەیە ئەمەش قۆناغێکی هەستیارە بۆ ئاودان بۆیە پێویستە ڕووەکی پەتاتە بەماوەی ڕێک و پێک ئاو بدرێت تا زەوییەکە ڕێژەیەکی تەواوی شێ بپارێزێ وزێدەڕۆیی نەکرێت لەئاودان لەو ماوەیەدا نابێت دێراوەکان نوقمی ئاو بکرێت یان وشک ببنەوە چونکە ڕووەکەکان زۆر هەستیارن بەئاوی ئاودێری وشکبونەوەش دەبێتە هۆی تێکچونی سەلکەکان و زۆربونی گەشەی لاوەکی باران بارینیش لەوەرزی گەشەکرندا ئاودان کەم دەکاتەوە لەناوچەی ناوەڕاستی عێراق لەوەرزی بەهاردا ۱۱ بۆ ۱۲ جار ئاو دەدرێت وە لەوەرزی پایزدا ۹ بۆ ۱۰ جار ئاو دەدرێت بەڵام لەکوردستان کەمتر پێویستی بەئاودان هەیە و لەوەرزی بەهاردا ۳ بۆ ٥ جار زیاتر ئاودانی ناوێت .

۲.پەینکردن:
پەتاتە لەو بەروبومە سەوزانەیە کە زەوی ماندوو دەکات و پێویستی بەپەینکردن هەیە دەرکەوتوەکە هەرسێ توخمە سەرەکیەکە نایترۆجین و فۆسفۆر و پۆتاسیۆم کاریگەری گەورەیان هەیە لەسە گەشەی بەروبومی پەتاتە پەینی ئاژەڵی زۆر پێویستە بۆ ڕووەکەکە و لەکاتی ئامادەکردنی زەویدا بڕی ۱۰ بۆ ۱٥م سێ جا پەینی ئاژەڵی شیبووە دەردێتێ چونکە جگە لەوەی توخمەخۆراکیەکانی تێدایە خاسیەتی خاکیش باش دەکات لەڕووی پێکهاتە و هەوا گۆڕکێ و توانای پاراستنی شێی خاک
دەربارەی پەینی کیمیاوی توێژینەوەکان واڕێنمایمان دەکەن کە ۳۰گم پەینی نایترۆجین بەشێوەی سلفاتی ئەمۆنونیوم و ٤۰گم فۆسفۆر بەشێوەی سوپەر فۆسفاتی سیانی و ۲٥گم پۆتاسێوم بەشێوەی کبریتانی پۆتاسێوم بۆ هەر دۆنمێک ئەمەش بەدوو جار ئەنجام دەدرێت جاری یەکەم پاش سەوزبوون کەنیوەی پەینی نایترۆجینەکە و هەموو پەینە فۆسفۆری و پۆتاسێومەکەی دەدرێتێ و جاری دووەمیش دوای مانگێک لەدوای جاری یەکەم نیوەکەی تری پەینە نایترۆجینەکەی دەدەیتێ واباوە پەینەکە لەناو چاڵی درێژ و بەدرێژایی دێراوەکان لە ژێر ڕەگەکان دادەنرێت کە لەئاستی چاندنەکە دابێت بە ۱۰سم انجا بەخۆڵ دادەپۆشرێت .

۳.پاچەکۆڵە و بژارکردن:
ڕووەکی پەتاتە لە ڕووەکە زۆر هەستیارەکانە بۆ بژار چونکە بەروبومەکەی لەژێر خاکدایە و هەروەها بژارەکان ڕکابەرایەتی ڕووەکەکان دەکەن لە دەستەبەرکردنی ئاو و خۆراک و ڕووناکی بۆیە پێویستە گرنگی بدرێت بە پاچەکۆڵەکردن و بژارکردن لەوەرزێکدا بەلایەنی کەم دەبێت دووجار پاچەکۆڵە ئەنجام بدرێت پاچەکۆڵەی دووەم ٦ بۆ ٨ هەفتە دوای پاچەکۆڵە کردنی یەکەم ئەنجام دەدرێت
پرۆسەکە بەوە کۆتایی دێت کە گڵ لەلایەکی دێراوەکان بهێندرێتە لاکەی تری دێراوەکان لەبەردەم ڕووەکەکان دابندرێت بۆ ئەوەی سەلکەکان دەرنەکەون و تیشکی ڕۆژ کاریان لێ نەکات بەمەرجێک ڕووەکەکان لەناوەڕاستی دێراوەکان نەبن ئەمەش دەبێتە هۆی زۆر بوون لەبەروبومەکە و ڕێکی شێوەی پەتاتەکان بەڵام ئەگەر ڕووبەرە چاندراوەکە فراون بوو ئەوکات چارەسەری بژارکردنەکە بەقڕکەری کیمیای دەکرێت .

٤.دەردەکشتوکاڵیەکان: Agricultural pestes
پەتاتە توشی هەندێ لەنەخۆشی و مێروو دەبێت کەزیانێکی زۆر بە بەروبومەکە دەگەیەنێت بۆیە پێویستە چارەسەری نەخۆشی ڕووەکەکان بکرێت و مێروەکانیش قڕبکرێن .
۱.نەخۆشی دڵی بۆش: Hallow heart
ئەم نەخۆشیە نەخۆشیەکی فیسۆلۆجییە کەبریتیە لەدەرکەوتنی بۆشایی لەچەقی سەلکەکان بەوەوە دەبێتە هۆی هۆکاری توشبوونەکە ئەمەش لەلایەکی ترەوە دەبنە هۆی خێراکردنی گەشەی ڕووەکەکە دروستکردنی سەلکی قابارە گەورە .
۲.نەخۆشی دڵی ڕەش: Black heart
ئەم نەخۆشیەش هەر فیسۆلۆجیە کەشانەکانی ناوەی سەلکەکان لەناو دەچن بەهۆی کەمی ئۆکسجینی پێویست بۆ هەناسەدانی ڕووەکەکە .
۳.نەخۆشی مۆزایک: ئەمەش نەخۆشی ڤایرۆسیە
٤.نەخۆشی لولبونی گەڵاکان: ئەمەشیان نەخۆشیەکی ڤایرۆسیە بەبەکارهێنانی سەلکی باش و ساخ کەلە لایەنێکی باوەڕپێکراوە وەربگیرابێت یان بەهۆی ڕوواندنی پۆلی بەرگەگر چارەسەر دەکرێت .
٥.نەخۆشی درەنگە سۆتکە: Late blight
مەترسیدارترین نەخۆشیە بەهۆی کەروەوە توشی ڕووەکی پەتاتە دەبێت

*گرنگترین ئەومێروانەی توشی پەتاتە دەبن ئەمانەن:
۱.کرمی گەڵاقرتێنەر:
زیانێکی زۆر بەسەلکی پەتاتەکان دەگەیەنێ دەتواندرێت بەیەکێک لەقڕکەرەکان لەناو ببرێت .
۲.جۆبڕکە مڵە:
جۆبڕکە هەڵدەستێ بەکونکردن و خراپکردنی سەلکی پەتاتەکان دەتوانین چارەسەری بکەین بەهۆی بەکارهێنانی خۆراکی ژەهراوی تێکەڵ بەکەپەک و بڵاوکردنەوەی دوای ئاودان .

٥.سەلک لێدانەوە:
کاتێک پرۆسەی سەلک لێدانەوە ئەنجام دەدرێت ئەگەر ژێرەی سەوزبون لە ۹۰%کەمتر بێتئەوکات بەپەلە سەلکەنەڕوانەکان دەردەهێنرێت سەلکی تر لەشوێنی دادەنرێت پێش ئەوەی بۆ دووەم جار ئاوبدرێت .

پێگەیشتن و هەڵکەندنی سەلکەکان:
کاتی پێگەیشتنی پەتاتە بەگوێرەی پۆلە چاندراوەکە و کاتی چاندن و بارودۆخی ئاو و هەوای ناوچەکە دەگۆرێت هەندێک نیشانە هەن کەلەسەر ڕووەکەکە دەردەکەوێت بەڵگەن بۆ پێگەیشتنی بەروبومەکە وەک زەرد بونی گەڵاسەوزەکان یان وشک بونیان هەروەها بەپشکنینی سەلکەکان کەلەژێر خاکدا بەشێوەیەکی گشتی پاش ۹۰ بۆ ۱۱۰ ڕۆژ لەچاندن سەلکەکان هەڵدەکەندرێت هەندێ جار سەلکەکان پێش پێگەیشتن هەڵدەکەندرێت ئەویش لەبەرئەوەیە چونکە نرخی پەتاتە لەبازاڕدا بەرزە یان لەترسی بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەوەرزی بەهاردا کاتی هەڵکەندن لەوەرزی بەهار دەست پێدەکات لەمانگی مایس و حوزەیران وەلەوەرزی پایزدا لەمانگی کانونی یەکەم سەلکەکان بەبێڵ هەڵدەکەندرێت ئەگەر ڕووبەرەکە بچوک بو بەڵام ئامێر بەکاردێت ئەگەر ڕووبەرەکە فراوان بوو .

بەرهەمهێنانی سەلکی پەتاتە:
پەتاتە بەسەوزە زۆربون زۆر دەبێت واتە؟بەڕێگای چاندنیمسەلک ئەمەش هەرچەندە تایبەمەندی خۆی هەیە بەڵام بێ کەموکوڕیش نیە چونکە زۆر جار ئەو سەلکانەی بۆ زۆربوون بەکاردێت تووشی نەخۆشی ڤایرۆسی دەبن و تێکدەچن هەر لەکۆنەوە تۆوی پەتاتەی ئاسای بەکارهاتوە بۆ زۆربوون و بەرهەمهێنانی پۆلی نوێ بەڵام ئەوسا بڕوایان وابوە هەرپۆلێک کەبەتۆو زۆر بکرێت زوو یان درەنگ تێدەچێت و خراپ دەبێت هیچ سودێکی نابێت ڕاستە تێکدەچێت بەڵام بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ڕێگای سەوزە زۆربونەوەیە لەم دوایانەش دەرکەوتوە بەهۆی توشبوون بەنەخۆشی ڤایرۆسیەوە سەلکەکان خراپ دەبن و ڤایرۆسەکە لەگەڵ سەلکەکان دەگوازرێنەوە و لەکاتی چاندنیشدا سەلکە باشەکان توشی نەخۆشی دەکەن .

زۆربوونی پەتاتە بەسێ شێواز دەکرێت:
۱.بەکارهێنانی تۆوی ئاسایی ئەمەش پۆلی جیاواز دەدات ئەمە ڕێگایەکی کۆنە بۆ ئێستا بەکار نایەت لەبەرئەوە ئەم ڕێگایە بۆ توێژینەوەی زانستی و لەلایەن بەخێوکارانی ڕووەکەکانیشەوە بۆمەبەستی دیاری کراو بەکاردێت .
۲.بەکارهێنانی سەلک بەبێ گوێدانە ئەوەی کەئایە سەلکەکە توشی نەخۆشی ڤایرۆسی بووە یان نا ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچونی پۆلەکەی و کەمی بەرهەمەکەی ئەمەش لەگەڵ پێشکەوتنی زانستیی نوێدا ناگونجێت بەتایبەتی لەکاتی ئێستادا چونکە داوا دەکرێت لەیەکەی ڕووبەردا بەرهەم زیادبکرێت .
۳.بەڵام لەڕێگای زانستی کەئەمەش سەوزە زۆربوونە بەهۆی سەلکەکانەوە ئەنجام دەدرێت دوای ئەوە پێویستە دڵنیابیت لەوەی کە نەخۆشی ڤایرۆسی تێدا نیە ئەمەش ڕێگەیەکی ڕاستە و پێویستە لەسەری بڕۆین کاتێک بەرنامە دادەندرێت بۆ بەرهەمهێنانی سەلک .

بەرهەمهێنانی سەلکی پەتاتە بەدوو هەنگاو ئەنجامدەدرێت:
هەنگاوی یەکەم:
لەڕێگەی هەڵبژاردنی تاکەوە کەتاکەڕووەکێک هەڵدەبژێرین پاشان بۆ ماوەی ٤ بۆ ٥ ساڵ زیاد دەکرێت  .

هەنگاوی دووەم:
ئەم ڕووەکانە وەردەگیرێن و بەشێوەی فراوان زیاد دەکرێن ئەمەش هەڵبژاردنی بەکۆمەڵی پێدەگوترێت بەرهەمهێنانی سەلک لەجای یەکەم بۆ تۆوی پەتاتە باشە بەڵام لەجاری دووەم بۆ بەرهەمهێنانی پەتاتەی بەکارهێنان باشە .
بڕی بەرهەم:
بەرهەمی پەتاتە لەجیهاندا دەگاتە ۱۲ بۆ ۱٥ تەن لەهەردۆنمێک بەڵام لەباوردۆخی عێراقدا بەروبومی بەهارە لەناوەڕاستی عێراق دەگاتە ۳ بۆ ٥ تەن لەکوردستنانیش شەش تەن لەهەر دۆنمێک بەڵام بەروبومی پایزە هەردۆمنێک ۱.٥ بۆ ۲.٥ تەن بەرهەم دەدات .

لەبارگرتن و ئەمبارکردن:
دوای ئەوەی پەتاتە هەڵدەکەندرێت بۆ ماوەی ۱ بۆ ۲ کاتژمێر لەکێڵگەدا دەخرێتە بەر هەوا بۆ ئەوەی توێکڵەکانیان وشک ببنەوە و ئەو خاک و خۆڵەی پێوەیەتی هەڵبوەرێت انجا هەرچی خراپ و ڕووشاو شێوە ناڕێکەکان هەن لادەبرێن پاشان بەگوێرەی قەبارەکانیان جیادەکرێنەوە و ئامێری تایبەتیش هەیە بۆ بۆ ئەو مەبەستە ئەم پرۆسەیە تایبەتی بەکاردێت بۆ جیاکردنەوەی ئەوسەلکانەی بۆ ڕوواندن بەکاردێت یان ناردنە دەرەوە و جیاکردنەوەی ئەو سەلکانەی بۆ ڕواندن بەکاردێت یان ناردنە دەرەوە و فرۆشتنیان بەشێوەیەکی گشتی پەتاتە بەگوێرەی قەبارەکانیان دەکرێن بەسێ بەشەوە سەلکی بچووک ۳.٥ بۆ ٥سم و سەلکی مامناوەند ٥ بۆ ٦.٥سم و سەلکی گەورە ٦.٥ بۆ ٨سم
واباوە پەتاتە بکرێتە گونیە یان نایلۆن و هەندێک جار دەکرێتە کیسی کاغەزەوە یان سندوقی دار یان قەفەزی دارخورما یان هەرشتێکی تر کە هەبێت دەتواندرێت پەتاتە بۆ ماوەیەک هەڵبگیرێت بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست بەکاربهێندرێت یان پەتاتەی وەرزی هەڵدەگیرێت بۆ ڕواندنی لەوەرزی پایزدا .

*هەڵگرتنی باش بۆ ئەم مەبەستانەی خوارەوە بەکاردێت:
۱.پارێزگاری کردنی سەلکەکان لەبارێکی باش تاکاتی فرۆشتن .
۲.خستنە بازار پەتاتە بەشێوەیەکی ڕێک لەموو وەرزەکانی ساڵدا .
۳.هەڵگرتنی پەتاتە بەشێوەیەکی زانستیانە بۆ ئەوەی کە ڕووەکی بەهێز بەرهەمبێنین .
٤.بۆ زاڵبون بەسەر روان و هەڵمبوون و ئەو نەخۆشیانەی کەتوشی سەلکە پەتاتەکان دێن .

*لێردا سێ هۆکاری گرنگ هەن بۆ ئەمبارکردنی پەتاتە:
۱.پلەی گەرمی
۲.ڕێژەی شێ
۳.هەواگۆرکێ
دەتواندرێت پەتاتە لە پلەی ۱۰س وشێی ڕێژەیی بەرز ۹٥% بۆماوەی ۱۰ بۆ ۱٤ ڕۆژ هەڵبگیرێت ئەم باوە یارمەتی ساڕێژبوونی برینەکانی سەر سەلکەکان دەدات و چینێکی تەپ و توند دروست دەکات ئەمەش پێیدەگوترێت چارەسەرکردن Curing دوای ئەوەی پلەی گەرمیەکەی نزم دەکەینەوە تا ۷س بۆئەو پەتاتانەی کەبۆ خواردن بەکاردێن و ٤س بۆ ئەو پەتاتانەی کەبۆ ڕواندن بەکاردێن .

پۆلەکانی پەتاتە:
ساڵانە ژمارەیک پۆلی جیاوازی پەتاتە لەجیهان دەردەکەوێت کەئەو پۆلانەش لەسروشتی گەشەکردن و کاتی پێگەیشتن و جۆر و بڕی بەرهەم و بەرگرتنیان بۆ نەخۆشیەکان لەیەکتری جیاوازن لەبەر ئەوەی بارودۆخی ئاو و هەوای عێراق زۆر سارد و خراپە ماوەی گەشەکردنی پەتاتەش زۆر کورتە بۆیە واباشترە ئەو پۆلانە بڕوێنین کە بەرگەی ئەم جۆرە بارودۆخه بگرێت دووبارەی داواکاری بەکاربەریش ئەم پۆلەیان لاپەسندە کەناوەی زەرد و لەکاتی کوڵاندندا هەڵناوەشێت جگە لەوەش بەروبومی زۆرە بەرگەی نەخۆشیەکان دەگرێت .

*ئەمەی خوارەوەش کورتەی سیفاتی گرنگترین ئەو پۆلانەن کەلەعێراق باون:
۱.ئەلفا: Alpeha
ئەم پۆلانە درەنگ پێدەگات و نزیکەی ۱۲۰ بۆ ۱۳۰ڕۆژی دەوێت لەچاندن سەوزە گەشەیان وەستاوە و گەورەیە و لقیان زۆرە سەلکەکانیان گەورەن شێوەیان هێلکەییە و بەروبومیان زۆرە .
۲.کلایمەکس: Climax
پۆلێکە زوو پێدەگات گەشەی خێرایە و سەلکەکانی گەورەن و شێوەیان ڕێکە و پۆلێکی هۆڵەندیە .
۳.ئاری: Are
پۆلێکە پێگەیشتنی مامناوەندییە و گەشەی خێرایە و سەلکەکانی خڕن و گەورەن جۆری بەروبومەکەی چاکە لەپۆلەکانی هۆڵەندیە .
٤.بنتجی: Bintjh
پێگەیشتنی مامناوەندیە ۹۰ ڕۆژە گەشەی سەوزی بەهێزە سەلکەکانی قەبارەیان گەورەیە و درێژ و مەیلە و هێلکەییە و توێکڵەکەی زەرد و لوسە .
٥.دیساری: Desiree
پێگەیشتنی مامناوەندیە و قەبارەی سەلکەکان گەورەن بۆ پیشەسازی چپس بەکاردێت .
٦.ڕەدۆسە: Radosa
پۆلێکی مامناوەندیە و تاڕادەیەک دواکەوتوە لەپێگەیشتن بەروبومی چاکە بەرگەی نەخۆشی ڤایرۆسی دەگرێت .
۷.کاردیناڵ: Cardenal
پۆلێکی مامناوەندیە تاڕادەیەک دواکەوتوە لەپێگەیشتندا بەرهەمی باش و توێکڵی سورە و بەرگەی نەخۆشی ڤایرۆسی دەگرێت .

سەرچاوە:کتێبە کشتوکاڵیەکان

ئامادەکردن:
بیلال هەڵەبجەی







Previous Post
Next Post
Related Posts