2/28/2019

چیمەن:چاندن و پەروەردەکردنی



ڕێژەی ٥۰ بۆ ۷۰% ڕووبەری زۆربەی باخچەکان دەکرێتە چیمەن فرێز و هەرێز کەبەپانتایی سەوزایی گۆڕەپانی چیمەن مافوری سەوز ناو دەبرێت ڕووبەری چیمەن جوانی دیمەنی باخچە دەردەخات ئەو جۆرە چیمەنانەی لە باخچەدا دەچێنرێت ڕووەکی نەرمن و زۆر گەشە دەکەن و ڕەنگیان سەوزێکی دڵگیرە و بەرگەی دەرد و نەخۆشی و بەسەرکەوتن پەستانەوە و بڕین دەگرن .

۱.چیمەنی فرێزی گەرمێن:
ٲ.چیمەنی ئاسای : Bermuda grass
ب.چیمەنی یابانی: Japanese grass
ج.چیمەنی فەرەنسی: Augustine grass
۲.چیمەنی کوێستان:
ٲ.چیمەنی کنتاکی : kentucky bluegras
ب.چیمەنی ڕای بەتەمەن: perennial ryegras
ج.چیمەنی فیسکیۆی درێژ : Tall fescues
۳.جۆرەکانی چیمەن بەپێی پولێنکردنی زانستی:
ٲ.چیمەنی بەرمۆدا : Cynodon daetylon
چیمەنی خۆمانە و ژینگەی گەرمەسێر
ب.چیمەنی چل و چوار: Eremochola ophiurode
ج.چیمەنی مافور : Axomopus compresus

خاکی بەپیت و نیمچە فشەڵ کەڕێژەیەکی باش پەینی ئاژەڵی ڕزیوی تێدا بێت بۆ چاندنی فریز لەبارە چونکە خۆراکی باشی تێدایە و ڕێژەیەکی چاک ئاو ڕادەگرێت و کەمتریش دەپەسترێتەوە و چیمەنەکەی خێراتر گەشە دەکات .
ئەگەر خاکەکەی باش نەبوو ئەوا دەبێت خۆڵەکەی بەقوڵایی ۲۰ بۆ ۳۰سم بگۆردرێت و تێکەڵەی لمی لە بێژنگدراو بۆ ئەوەی گرۆی سۆتکە و شتی دیکەی لێ جیابکرێتەوە و پەینی ئاژەڵی ڕزیو جێگەکەی بگرێتەوە ئەگەر ئەمە نەکرا ئەوا دەبێت بەلایەنی کەمەوە ٤سم لەخاکەکە بگۆردرێت دوای ئامادەکردن و پەستانەوە و هەموارکردنی زەوی و ئاودانی بۆ ئەوەی تۆو و گرۆی سۆتکە و بژاری دیکە سەو ببن و قەڵاچۆ بکرێن و بەرزی و نزمیەکانی دەربکەون و بە تێکەڵە پڕبکرێتەوە .
ٲ.چاندنی تۆوی فریز:
دوای ئامادەکردنی زەوی ۱کگم تۆوی فریز بۆ چاندنی ٥۰ بۆ ۱۰۰م دووجا زەوی لەشوباتەوە تا نیسان بەکاردێت تۆوەکە بەڕێژەی یەک لەسەر دوو لەگەڵ زیخ تێکەڵ دەکرێت انجا نیوەی تێکەڵەکە لەتۆ و زیخ لەباکورەوە بەرەو باشوور تۆو دەکرێت نیوەکەی دیکەشی لەڕۆژهەڵاتەوە بەرە و خۆرئاوا پەخشدەکرێ بۆ ئەوەی بەباشی دابەش ببێت .
تۆوەکە بەتەنکە لمێک دادەپۆشرێت یان بەشەنە و ڕنۆک لەگەڵ خۆڵەکە لێکدەدرێت زەویەکە دەپەسترێتەوە بەهێمنی ئاوپژێن دەکرێت بەمەرجێک لەگەڵ ئاودانەکە تۆوەکە لەشوێنی خۆیدا نەڕوات تاسەوز دەبێت ڕۆژانە ۱ بۆ ۲ جار تەڕ دەکرێت .

ب.چاندنی قەد و پەل و ڕایزۆمی چیمەن:
بەر لەچاندن زەوی ئاو دەدرێت کەکزردەبێتەوە ڕایزۆم و لکی فریز بەڕەگەوە هەڵدەکەندرێت و لوول دەدرێت
زەوی ئامادەکراو بەشێوەی هێڵی کەمێک قوڵکراو نێوان هێڵەکان ۲۰ بۆ ۲٥سم و نێوان چاڵەکان ۲۰ بۆ ۲٥سم بێت ڕایزۆمەکان دەخرێنە ناو چاڵەکانەوە یان ڕادەخرێت و بەخۆڵ دادەپۆشرێت لەڕووبەری بچووکدا چیمەن بەخۆڵەوە هەڵدەکەنن و لەنێو هێڵی هەڵکەندراو ڕادەخرێت کەئەمەیان گەشەی خێراترە دەپەسترێتەوە ئاو دەدرێت دەکرێت قەدی بڕاوی چیمەن بەسەر زەویدا بڵاوبکرێتەوە و لەگەڵ خۆڵ لێکبدرێت و ئاو بدرێت لەزۆربەی کاتەکانی ساڵدا لەچلەی هاوین و چلەی زستان بترازێت ڕایزۆمی چیمەن دەچێندرێت بەڵام ئادار و نیسان و مایس باشترین کاتە .
دووەم پەینکردنی چیمەن:
بۆ ئەوەی ڕووبری چیمەن گەشەی خێرا و دیمەنی سەوزێکی دڵگیربێت ئەوا پێویستی بەپەینکردنی باش هەیە
لەکاتی ئامادەکردنی زەوی بۆ چاندن دواتریش ساڵانە بەچەند جارێک ۱۰ تەن بۆ دۆنمێک پەینی ئاژەڵی شیبوەوە و ٤کگم نایترۆجین و ۲کگم فۆسفۆر و ۲کگم پۆتاسێوم بۆ ۱۰۰م دووجا زەوی بەکاردێت .

سێیەم ئاودانی چیمەن:
ئاودان بەپێی تەمەنی ڕووەک و وەرز و جۆری خاکەکە دەگۆڕێت بەڵام بەشێوەکی گشتی چیمەن ئاوخوازە بەتایبەتی لەوەرزی گەشەکردن و گەرمادا لەگەرمای هاویندا ۱ بۆ ۲ ڕۆژ جارێک چیمەن ئاو دەدرێت .

چوارەم بڕینەوەی چیمەن:
بۆ ئەوەی دیمەنی ڕووبەری سەوزایی هەمیشە سەوز و دڵگیربێت ئەوا پێویستی بەوەرزی گەشەکردندا هەر ۱ بۆ ۲ هەفتە جارێک یان کە چیمەنەکە ٥سم بەرز ببێت ببڕدرێتەوە ئەگەر درەنگ درەنگ بڕێتەوە ئەوا لەژێرەوە پەرێز دەکات و زەرد هەڵدەگەرێت و درەنگتریش گەشە دەکاتەوە بە ئامێری چیمەن بڕینەوەی دەست یان کارەبای یان کارکردن بەسوتەمەنی دەبڕێتەوە گەڵا و لکە بڕاوەکان دوور دەخرێنەوە بڕینەوەی فریز ڕووی سەرەوەی یەکسان وەک مافور دەخاتە بەر چاو لەگەڵ بڕینەوەشدا کەنارەکانی ڕووبەری چیمەنەکە بەداسوک و کێرد و مقەس دەبڕێتەوە یان هەڵدەکەندرێت تا لەسنوری خۆی دەرنەچێت نەکەوێتە ناو دار و دەوەن و شوێنی گوڵەکانەوە دوای بڕینەوەش گەشەی لک و گەڵای نوێ ناسکتر و سەوزتر و دڵگیرترە هەندێک مژادی سیکۆسیل CCC بۆ کەمکردنی گەشە و کەمترکردنەوەی بڕینەوە بەکاردێت .

پێنجەم نوێکردنەوەی چیمەن:
هەر حەوت ساڵ جارێک یان کە زەوییەکە زۆر پەسترایەوە یان گەشەی چیمەنەکە بێهێز بوو جوانیەکەی نەما و بەئاودان و پەینکردنیش چارە نەکرا ئەوا چیمنەکە لەژێرەوە بەڕەگ و ڕیشە و خۆڵەوە لادەدرێت و سەر لەنوێ دەچێندرێتەوە یا بۆ چارەسەری پەستانەوەی ڕووبەری سەوزایی و نوێ کردنەوەی هەوا گۆڕکێ بەئامێری تایبەتی زەویەکە کونکون دەکرێت .

سەرچاوە:کتێبە کشتووکاڵیەکان 

Previous Post
Next Post
Related Posts