2/22/2019

خەیار:کەش و هەوای گونجاو

خەیار:کەش و هەوای گونجاو 

ئـاروو:-خەیار
ناوی ئینگلیزی:-Cucumber
ناوی زانستی:- Cucumis  Sativus
ئاروو یەکێکە لەبەروبوومی سەوزەی هاوینەی گرنگ لەعراقدا هەرچەندە بەها خۆراکییەکەی تاڕادەیەک دابەزیوە کەچی ساڵ بەساڵ ڕووبەری چاندراو بە خەیار زیاد دەکات،
 بەرەکانی دەچێندرێت کەبەکاڵی دەخورێت و دەکرێتە زەڵاتەو ترشیات و بۆکوڵاندنیش بەکاردێت،نیشتمانی ئاروو وڵاتی هندە کەنزیکەی ۳۰۰۰ساڵە لەوێ دەچێندرێت هەر لەوێشەوە تەشەنەی کردووە بۆ چین و ڕۆژ ئاوا، لەسەردەمی ڕۆمانیەکان و ئەغریقییەکان بەکارهاتووە بەهای خۆراکی کەمە چونکە ڕێژەیەکی زۆر ئاوی تێدایە کەبەنزیکەی (۹٥ـ۹٦%)مەزەندە دەکرێت و کاربۆهیدراتیش بڕی(۲,٤ـ۳%)پرۆتینیش بڕی لە(۰,۷%)ی تێدایە.

ژینگەی گونجاو:
۱ـ ئاووهەوای گونجاو:
ئاروو لەوشوێنانەدا گەشە دەکات کەئاووهەوای گەرمە ڕووەکەکانیشی بەرگەی بەستن ناگرن و دەمرن،لە(۱٥ـ۱٦)°س کەمترین ‌پلەی گەرمییە کە ئاروو تێیدا گەشە دەکات وەلە (۹)°س گەشە کەمدەبێتەوە،باشترین پلەی گەرمی بۆ ڕووەکەکە(۲٥ـ۳۰)°س بۆڕوواندنی تۆویش لەنێوان (۲۰ـ۳۰)°س ،بەڵام ئەگەر پلەکە بگاتە(۱۱)°س تۆو ناڕوێت، بەرزی ڕێژەی شێی ئاووهەوا کاری خراپ دەکاتە سەر ڕووەکەکەو دەبێتەهۆی دەرکەوتنی کەڕووە نەخۆشەکان لەسەرکۆمەڵەی سەوزی، ڕووناکی کاردەکاتەسەرگەشەو بەرووبوومی خەیار هەرچەندە گوڵی ڕووەکەکان درێژی ماوەی ڕووناکی کاری تێ ناکات،پۆلەکانی ئاروو لەڕووی پێویستیان بەڕوناکی جیاوازییان هەیە،کەمی ڕووناکی ئەبێتە هۆی دواکەوتنی گوڵ و بەرەکانو بەرووبووم، وەچاندنی چڕیش دەبێتەهۆی کەم وەرگرتنی ڕووناکی و کاردەکاتەسەر دروست بوونی لقی لاوەکی ئەمەش دەبێتە هۆی دواکەوتنی بەر گرتن.

۲ـ خاکی گونجاو:
باشترین خاک بۆ ئاروو خاکی تگێکەڵەیان تێکەڵی لمییە هەرچەندە ئاروو لەزۆربەی جۆرەکانی خاکدا دەڕوێت ئەگەرماددە ئەندامییەکانی بەبڕێکی باش تێدا فەراهەم بێت و ئاو باش دابدات خوێی تێدا نەبێت ئەگەر ویسترابەرهەمی پێش وەختەی بەرهەمبهێندرێت باشترین خاک خاکی لمییە هەرچەندە خاکی تێکەڵی قوڕین بەرهەمی باش دەدات.

کاتی چـاندن:
کاتی چاندن بەپێی جیاوازی شوێن و مەبەست لەچاندن وجیاوازی وەرزی کشتوکاڵ، بەشێوەیەکی گشتی بەرووبوومەکە لەکێڵگەی ئاساییدا لەدوو وەرزدا دەکرێت.

یەکەمیان:
لەوەرزی بەهارکەڕاستەوخۆ تۆو لەکێڵگەلەسەرەتای مانگی ئازار لەناوەڕاستی عێراق ولەهەرێمی کورڕستان لەنیوەی مانگی ئازار تاکۆتای مانگەکە دەچێندرێت.

دووەمیان:
لەوەرزی پایز کەتۆوەکەیەکسەر لەکێڵگەدا لەناوەڕاستی مانگی ئاب تاکۆتای هەمان مانگ دەچێندرێت،لەچاندنی زستانەش لەژێر نایلوندا لەشوباتدا دەکرێت ،بەڵام کاتی چاندنی لەناو خانووی پلاستیکیو شووشە لەناوەڕاستی مانگی ئەیلوول تا کانوونی دووەم دەچێندرێت.

بڕی تـۆو:
هەردۆنمێک بڕی(٨۰۰)گم تۆوی دەوێت.

ڕێگای چاندن:-زەوی (۲ـ۳)جاردەکێڵدرێت تاجوان شی دەبێتەوە پەینی ئاژەڵی دەدرێتێ و ورد دەکرێت وڕێکدەخرێت و دابەش دەکرێت بۆ پانە دێراو (سەکۆ)بەپانی(۱,۲٥)م تۆوەکان لەسەر کێڵگە یەکسەر لەلایەکی سەکۆکەوە دەچێندرێت، دەتوانرێت لەهەردوولاوە تۆوی لێبدرێت بەڵام دەبێت پانی سەکۆکە(۲ـ۳)م بێت ،لەهەرچاڵێک(۳ـ٤)تۆوی تێدەکرێت و ماوە لەنێوان ڕووەکەکاندا(۳۰)سم بێت ،چاندن دوای ئاودانی زەوی پاش وشک کردنەوەیەکی گونجاو لەسەر سێیەکی سەرەوەی سەکۆکە لەسەر ئاستی ئاودانەکە تۆوەکان دەچێندرێن تۆوەکان بەگڵێ تەڕ ئینجا گڵی وشک دادەپۆشرێن و یەکسەر ئاو دەدرێن، بەڵام لەکاتی چاندنی پێش وەختە لەژێر نایلۆندا یان چاندن لەقەراخی ڕووبارەکان بەنەمام دەکرێت لەناو پەپکەی(jiffy).

کارەخزمەتگوزارییەکان:
۱ـ ئاودان:
ئاو هۆکارێکی گرنگە کاردەکاتەسەر بەری ڕووەکەکەو جۆرەکەی دەرکەوتووە کە بەرووبووم بە ڕێژەلە(٥۰%)لەوشوێنانەی ئاودەدرێن لەوشوێنانەی کەدێمین،هەروەها ئاو دەبێتە هۆی باشکردنی جۆری بەرو قەبارەکەی، وەک دەرکەوتووە تینوکردنی ڕووەک دەبێتە هۆی تاڵ بوونی بەری ڕووەکەکە ، بەشێوەیەکی گشتی ڕووەکەکان هەفتەی یەک جار ئاو دەدرێن لەکۆتای بەهارو سەرەتای پایزدا ئەویش کاتێک پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە.

۲ـ پەینکردن:
پەینی ئاژەڵ لەکاتی ئامادەکردنی زەوییدا بەکاردێت بۆهەردۆنمێک(10)م۳ هەروەها ئاروو پێویستی بەکیمیاویش هەیەلەهەرسێ سەرچاوە خۆراکییەکان(نایترۆجین وفسفۆڕو پۆتاسێۆم)کەمی هەریەکێک لەوسەرچاوانە لەخاکدا لەسەر گەشەو پێشکەوتنی ڕووەک و بەرووبووم ڕەنگ دەداتەوە،هەروەها وەڵامدانەوەی ڕووەک بۆ پەینی نایترۆجین زۆر ئاشکرا دەردەکەوێت لەسەر زۆربوونی گەشەی بەربووم،بەڵام دەرکەوتووە کەوەڵامدانەوەی بۆ پۆتاسێۆم زۆرنیە چونکە زۆربەی خاکی عێراق ڕێژەیەکی زۆری پۆتاسێۆمی تێدایە و بەسە بۆ بەرووبوومەکان ،لەبەرئەوە(70ـ100)کگم لەهەریەکەلە سلفاتی ئەلەمنێۆم و سوپەرفۆسفاتی  کالسێۆم ئەویش یان بەشێوەی کردنەچاڵی درێژبه درێژای سەکۆکە یان لەناوچاڵ دەکرێت بەدووری ( 10)سم لەژێر ڕووەکەکانەوەو لەهەردووشێوەکەدا لەسەر قوڵی(5ـ8)سم بەکاردێت ئەم پەینەش بەدوو جار بەکاردێت یەکەم (2ـ3)هەفتە پاش چاندن ،دووەم پاش مانگێک لەجاری یەکەم.

۳ـ تۆوکردنەوە:-
دوای (1ـ2) لەچاندن ئەوچاڵانەی ڕووەکیان لێدەرنەچووە تۆودەکرێنەوە.

٤ـ تەنککردن:
لەکاتێکدا دەکرێت تۆو لەکێڵگەدا چێندرابێت چونکە هەرچاڵێک ۳تۆو یان زیاتری تیایە ئەمەش لەکاتێک دەکرێت کەڕووەکەکان(2ـ3) گەڵایان هەبێت،هەرچی ڕووەکی لاوازو نەخۆش هەبێت هەڵدەکەندرێت و تەنها (1ـ2)ڕووەک لەچاڵەکە دەهێڵدرێتەوە.

٥ـ پاچەکۆڵەو بژارکردن:-
هەردووکارەکە تەواوکەری یەکترین چەنکە هەرچی گژوگیای خراپ هەیە پێویستە هەڵبکەندرێ چونکە ئەو گژو گیایانە ڕکابەرایەتی ڕووەکەکان دەکەن لەسەرئاو ڕووناکی ونەهێشتنی بڵاوبوونەوەی ڕەگەکانی کەدەبنەهۆی بڵاووبوونەوەی زۆر نەخۆشی مێروو ئەمەش هەرکات گژوگیا دەرکەوت ئەنجام دەدرێ و هەڵدەکەندرێن و زەوییەکەش شی دەکرێتەوە، پێویستە ئاگادار بین زیان بەڕووەکەکە نەگات، لەگەڵ ئەم کارەشدا قەدی ڕووەکەکان دەخرێنە ستر سەکۆو هەندێ خۆڵیش سەر بەشێکی قەدی ڕووەکەکان.

٦ـ دەردەکان وچارەسەرکردنیان:-
ئاروو توشی هەموو نەخۆشیە خێزانیەکانی کولەکە دەبێت کەبەهۆی ڤایرۆسەوەیە،ئەمەش تووشی کۆمەڵەی سەوزی ڕووەکوبەرەکانی دەبێت و گەڵاکانی زەردوسیس دەکات وچرچ و لۆچ دەبن و دەمرن،گرنگترین ڕێگاکانی ڕێگرتنی ئەم نەخۆشیە بەهۆی ناشتنی پۆلی بەرگەگرو لەناوبردنی شۆکە دەبێت چونکە ئەمانە ڤایرۆسەکەی بۆ دەگوازنەوە.
مێرووەکانیش هەر هەمان مێرووەکانی خێزانی کولەکەن جگەلە قالۆنچەی ئارووی هێڵداری پەڵاویش کەلەسەر گەڵاو قەدەکانی دەژین دەتوانرێ بەقڕکاری سێڤن قەڵاچۆبکرێت.

پێگەیشتن و ڕنین:-
پاش(6ـ9)هەفتەلەچاندای ئاروو پێدەگاتو ڕنین لەماوەی(4ـ8)هەفتە بەردەوام دەبێت ،بەرەکان  پێش پێگەیشتن و دروست بوونی تۆودەڕندرێ، دەبێت ڕنین لەهەفتەیەکدا(2ـ3)جار بکرێت و دەبێت ئارووەکان سەوز ببن وقەبارەیان باش بێت بۆ خستنە بازاڕ، ئەمەش دەوەسێتەوە سەر جۆری پۆلەکەی،نابێت دوابخرێت چونکەدەبێتەهۆی گەورەبوونی بەری ڕووەکەکان ئەمەش بەکەڵکی بازاڕ نایەت، هەروەها گەورە نەبوونی بەرە بچوکەکان و بەشی سەوزی ڕێگا گرتن لە لەگوڵ گرتنی نوێ لەسەر ڕووەکەکان، باشترین قەبارەر بەرهەم کەباش بفرۆشرێت ئەوەیە کەبگاتە نیوەی قەبارەی ئاسای خۆی چونکەلەوقەبارەیەدا هێشتا تۆوەکان لەقۆناغی یەکەمی دروست بووندان.

هۆی ناڕێکو پێکی شێوەی بەری ئاروو تاڵبوونیان:-
بەهۆی ئەوەی کەپەڕینی باش ڕوونادات و ڕوونەدانی پیتاندن و کەمی خۆراک وتینوکردنی ڕووەک یان بەهۆی هەر هۆکارێکی تری ناڕێک کردنی گەشەو ناڕێک کردنی شێوەی بەرەکان بەرهەم هێنانی شێوەی بەری شێواو ئەوەش بەئاشکرا لەکۆتای وەرزی گەشەوە دەردەکەوێت و توانای زاڵ بوون بەسەر ئەوبارەدا ئەویش بەزیادکردنی پەینی نایترۆجینی  بوونی ئاو لەخاکداهەمیشە خاکەکە تەڕ بێ ،هۆی بوونی تاڵیش لەبەرەکانی ئاروودا دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ماددەیەکی تفتی لەئەنجامی تینوکردنی ڕووەکەکانەوەیه،هەندێ جاریش بەهۆی سیفاتی بۆ ماوەی پۆڵکەیەوە دەبێت،دەتوانین بەسەر ئەم بارەدا زاڵ بین ئەویش بە چاودێری کردنی ئاودێریو فەراهەم کردنی شێ بۆ ڕووەکەکە بەشێوەی ڕێک.

بەرهەمهێنانی تۆو:-
پەڕینی باو لەئاروو پەڕینی تێکەڵە ئەمەش بەهۆی مێروو پێویست دەبێت لەبەرئەوە پێویستەلەکاتی بەرهەمهێنانی تۆو لەکێڵگە لەکێڵگەکانی تر دوور بێت ڕواندنیشی هەروەک ئارووی ئاسای دەبێت بەڵام دەبێت 3جار بپشکندرێتلەکاتی سەوزەو گەشەو گوڵکردن و دروست بوونی بەرەکان هەمووجارێکیش هەرچی ڕووەکی لاوازو نەخۆش هەبێت لەناو دەبرێت و بەباشی خزمەتی ڕووەکەکان دەکرێت هەتاوەکو پێدەگەن ئەوەش بەزەرد بوونی بەرەکانو ڕەق بوونی تۆوەکان دوای لەشوێنێکی سێبەردا هەڵدەخرێن و وشک دەکرێنەوەو هەڵدەگیرێن.
هەردۆنمێک نزیکەی بڕی(15ـ25)کگم تۆو دەدات.

بڕی بەرووبووم:دۆنمێک‌بڕی(1,5ـ3)تەن بەر دەدات.

ئەمبارکردن:-
دەتوانرێ ئارد لەپلەی(8ـ10)°س 
ڕێژەی(90ـ95%) بۆماوەی(10ـ14)رۆژ هەڵبگیرێ.

گرنگترین پۆلەکانی ئاروو:-
۱ـ بێت ئەلفا:-  Biet Alpha
پۆلێکی بڵاوە لەعێراقدا بەرەکانی لوولەکی ونەختێ کۆتای دەرپەڕیوە درێژی(10ـ15)سم، ڕەنگی سەوزە توێکڵەکەی بێدڕکە بەرووبوومی زۆرە.

۲ـ جیمانا: Gemini
پولێکی مێینەی دووڕەگەە بەرهەڵستی نەخۆشی کەڕوو موزائیک دەکرێ ، هەروها بەر لەنەخۆشی دۆکە و بنۆکەی سپی دەکرێ، پۆلێکە زوو پێدەگات کەماوەی 61 ڕۆژە ،بەرەکانی سەوزێکی تۆخەو شێوەی لوولەکییە کۆتاییەکەی دەرپەڕیوە.

۳ـ ئۆهاێۆ: Ohio MR 17
پۆلێکە زوو پێدەگات پێویستی بە 56 ڕۆژەبۆگەیشتن لەسەر بەرەکان هەندێ گرێ هەیە قەبارەیان بچوکە بەرووبوومی زۆرە وجۆرێکی تایبەتە بۆ ترشیات.

٤ـ ڕۆکێت: Roket
 پۆلێکی تایبەتە بە خانووی شووشەو نایلۆنەوە.

٥ـ Filina ,F1 hybrid
دووپۆلی تێکەڵ کراون بۆ بەرهەم هێنای زستانە لەخانووی شوشەو نایلۆندا، زوو پێدەگاتو بەرهەمی زۆرە.

ئامادەکردن:
هەنا حیدەر

سەرچاوە:کتێبەکشتوکاڵیەکان
Previous Post
Next Post
Related Posts