2/13/2019

جۆری پەللێدان:{ بەپەل و پەیوەندکردن الترکیب }: Grafting

جۆری پەللێدان:{ بەپەل و پەیوەندکردن الترکیب }: Grafting
بەشێک پەلێکی دارین لە لقێکی یان قەدی ڕووەکێک { سەرچینە } کەزیاتر لە گۆپکەیەکی هەبێت لەگەڵ بەشێک { قەد و ڕەگ }ی ڕووەکێکی دیکەدا { بنچینە } پەیوەست دەکرێت بەپەیوەستکردنەکە لەزستاندا { کاتی وەستانی ئاوگی ڕووەک } یا لە کاتی جووڵەی ئاوگی ناو شانەکانی ڕووەکدا لەبەهاردا ئەنجام دەدرێت پەللێدان زیاتر بۆ { داری میوە و داری تەمەندار } بەکاردێت .
کارتە بڕین و کارەخزمەتگوزاریەکانی دیکەی هەروەکو موتربەی گۆپکەی بۆ دەکرێت چونکە کاری موتربەی بە پەللێدان گرانترە و لەڕووی ئابوریشەوە تێچووی زیاترە بەبەراورد لەگەڵ موتربەی گۆپکەی بۆیە ئەنجامدانی موتربەی گۆپکەی باشترە مەگەر لەکاتێکدا کەکاری موتربەی گۆپکەی ئەستەم بێت .

شوێنەکانی پەللێدان:
۱.پەل لەقەد دان  ۲.پەل لەڕەگدان ۳.پەل لەتاج دان

شێوازەکانی پەل لەقەددان:
۱.قامچیی  ۲.زمانەی  ۳.قڵیشاندن ٤.پەللێدانی توێکڵی ٥.پێناوە پێوەندکردن{پەیوەندکردنی دوانەی}
٦.پێوەلکاندن ۷.پەللێدانی چارەسەری ٨.نوێ کردنەوە

۱.شێوازی قامچیی پەلیکی: Whip Grafting
کەقەدی ڕووەکی بنچینە باریک بێت ئەم شێوازە پەیرە و دەکرێت زیاتریش لە کۆتایی وەرزی زستاندا ئەنجام دەدرێت سەرەتا قەدی بنچینە لەبەرزیەکی گونجاودا لەسەر ڕووی زەوییەوە کەمتر لە مەترێک دەبڕدرێت لایەکی بنچینەکە بەشێوەیەکی لار وەک قامیش دادەتاشرێت پەلێکی چەند گۆپکەیی لەڕووەکی موتربە پێکراوەوە کەهەمان ئەستوری قەدی ڕووەکی بنچینەکەی هەبێت و بەهەمان  ڕووبەریش لەلای ژێرەوەی دەتاشرێت شوێنە لار تاشراوەکان دەخرێتە سەر یەکدی بەمۆم سواق دەدرێت ئینجا بەداوای ڕافیا یان شریتی نایلۆن بەتوندی بەیەکدیەوە دەبەسترێتەوە موتربەکراو ئاودەدرێت و بەپێی پێویست کارە حزمەتگوزاریەکانی دیکەی بۆ دەکرێت لەدوای ٦ بۆ ٨ هەفتەدا داوەکە دەکرێتەوە گەر بەباشی یەکدیان گرتبوو ئەوا کارەکە سەرکەوتوبووە .


۲.شێوازی زمانەیی: Tongue Grafting
پەللێدان بەشێوازی زمانەیی هەمان شێوازی پەللێدانی قامچییە بەڵام برینێکی زمانەیی لەسەر هەر یەک لەقەدی ڕووەکە بنچینەکە و لەپەلی سەر چینەکەدا ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی ڕووبەری بەیەکەوە نوسانیان زۆرتربێت وەک ئەوەی لە وێنەکەی خوارەوە دیارە .

۳.شێوازی قڵیشاندن: Cleft Grafting
ئەم شێوازە بۆ هەندێک دار و دەوەنی پیر دەگونجێت کە گەرەکی بێت نوێ بکرێتەوە وەک ترێ و قەیسی و زەیتون
*قەدی ڕووەکە بنچینەکە لەنزیک ڕووی خاکدا بەمشارێک بەشێوەی ئاسۆی دەبڕدرێت .
*بەهۆی تەورداسی تایبەتەوە قەدی بنچینەکە لەناوەڕاستی ڕووی سەرەوەدا بەقوڵی ٥سم دەقلیشێنرێت .
*لای خوارەوەی پەلەکان بەمەرجێک درێژیان لە ۱۰سم کەمتر نەبێت دادەتاشرێت و دەخرێتە ناو ئەمسەر و ئەوسەری قڵیشەکە و توند دەکرێت هەموو شوێنی برینەکە بەشەمێ پڕ دەکرێتەوە .

٤.شێوازی پەللێدانی توێکڵی: Bark Grafting
لەم شێوازی قڵیشاندن دەکات بەڵام زیاتر لەبەهاراندا لەو کاتەی کە توێکڵ بە ئاسانی لەدار دەبێتەوە ئەنجام دەدرێت
*پەلەکان لە زستاندا لەو کاتەی کەئاوگی شانەی ڕووەک وەستاوە ئامادە دەرکرێن و دەخرێتە ژێر لمێکی شێدارەوە .
*لەبەهاردا پەلەکان دەکرێنەوە و لەدوو لاوە دادەتاشرێت بۆ لای ناوەوە درێژە و بۆ لای دەرەوەش کورتەکە درزێک دەکرێتە توێکڵی قەدی بنچینە سەری پەلە داتاشراوەکە دەخرێتە درزەکەوە بەمەرجێک لایە درێژەکە بۆ ناوەوە و لایە کورتەکەش بۆ دەرەوە بێت بەمێخی ورد توند بەیەکەوە دەبەسترێن و بەمۆمیش شوێنی برینەکان دادەپۆشرێت ئەگەر قەدی ڕووەکە بنچینەکە ئەستوربوو ئەوا دەکرێت زیاتر لە پەلێک لە قەدەکە بدرێت .


٥.پێناوە پێوەنکردن پەیوەندکردنی دوانەکی: Double Grafting 
ئەم شێوازە بۆ چارەسەری ئەو دیاردەیە بەکاردێت کە موتربەی هەندێک ڕووەک لەگەڵ هەندێک بنچینە ناگونجێ بۆیە بەهۆی ڕووەکێکی ناوەندیەوە بەیەکەوە دەبەسترێتەوە بۆ نموونە هەرمێی هاردی Hardy دەبێتە نێوەند لەنێوان هەندێ پۆلی هەرمێی دیکە کە لەگەڵ بنچینەی کرۆسکدا ناگونجێن بەڵام گونجانێک لەنێوان نێوەند و بنچینەدا لەهەمان کاتدا لەنێوان نێوەند و موتربە سەرچینەی دووەم دا دەبێت واتە دوو موتربەکردنە و لەسێ بەش پێکدێت بنچینە و نێوەند و سەرچینە .

٦.شێوازی پێوەلکاندن: Approach Grafting
شێوازێکە زیاتر بۆ ئەو ڕووەکانە بەکاردێت کە شێوازەکانی دیکەی پەللێدانیان بۆ ئاسان نیە و لقیان دارین و ڕەقه نمون گوێز و پەکان کارەکە لەناو خانوی شوشەبەندا ئەنجام دەردێت پەل پێوەلکاندن زیاتر لە کوشەکردن دەچێت چونکە یەکەمجار بنچینە و سەرچینە بەیەکەوە دەلکێندرێت بەبێ ئەوەی هیچ یەکێکیان لەی تریان جیا بکرێتەوە لەوانەیە ڕووەکێک یان هەردووکیان لەناو ئینجانەدابن .
لەشوێنی مەبەستدا هەر یەک لەبنچینە و سەرچینە بەچەقۆیەکی تیژ دادەتاشین کە کامبیۆم و هەندێک دارکیشی لەگەڵدا دەبڕدرێت هەردوو شوێنە بڕاوەکە پێکەوە دەلکێندرێت بەداو بەیەکەوە دەبەسترێت بەمۆم سواق دەدرێن ئاودەدرێن دوای بەیەکەوە نوسان و سەرکەوتی کردارەکە سەرچینەکە لەدایکی جیا دەکرێتەوە .

۷.شێوازی پەللێدانی چارەسەریی:
هەندێ جار توێکڵی قەدی دار و دەوەن توشی داماڵین یان داخوران یان سوتان دەبێت بۆ ئەوەی ڕووەکەکە لەناو نەچێت ئەوا بەم شێوازانەی خوارەوە چارەسەر دەکرێت بۆیە ئەم شێوازە بەڕێگەیەکی زۆر کردن ناژمێردرێت بەڵکو بەچارەسەری دادەنرێت .

شێوازی چارەسەری دوو جۆری سەرەکی هەیە:
۱.جۆری پردییە موتربە: Bridge Grafting
ئەم کارە لە زستاندا ئەنجام دەدرێت ناوچە توشبوەکە باش دادەتاشرێت تاکو شانە ساغەکان دەردەکەون چەند پەلێکی تەڕی یەک ساڵە کەدرێژیان هێندەی نیوەی درێژای شوێنە توشووەکە بێت ئامادە دەکرێت هەر دوو  سەری پەلەکان دادەنرێن بەباشی تیژدەکرێن بەڕێگەی پێوەندنی توێڵکی لەژێرەوە دادەکوترێت و لەبانەوەش دەخرێنە ژێر توێکڵی دارەکەوە شوێنە داتاشراوەکە بەهەویری بۆردۆ یان هەر بۆیەکی چەوربێت سواق دەدرێت کارتەکانی لەگۆپەکانی سەر پەلەکاندا سەوز دەبن بە بەردەوامی لادەبرێن چونکە مەبەست لەبەکارهێنانی پەلەکان ئەوەیە کە وەک سۆندە ئاوگی شانەکان لەنێوان سەروو و خوارووی ناوچە توشبووەکە بگوزرێنەوە هەربۆیە بەجۆری پردی ناودەبرێت کەناوچە توشبووەکە چاک بووە شوێنە داتاشراوەکە توێکڵی هێنایەوە ڕووەکەکە ساغدەبێتەوە پەلەکان لادەدرێن.


۲.جۆری پاڵپشتە موتربە: Inarching Grafting
پاڵپشتە موتربە بۆ ئەو ڕووەکانەی کە ڕەگیان تووشی نەخۆشی بووە بەکاردێت بۆ ئەوەی نەفەوتێت تۆوی هەمان جۆرە ڕووەک لەنزیک قەدی ڕووەکە ڕەگ نەخۆشەکەوە دەڕوێندرێت دوای ڕوانی تۆوەکان و گەشەکردنیان سەری لقەکانیان دادەتاشرێت و دەخرێنە ژێر توێکڵی دارە نەخۆشەکە و بەیەکەوە توندەکرێن .... ئەگەر کارەکە سەرکەوتوبوو ئەوا ڕووەکەکە ئاو و خۆراکی سەرەتای ناو خاک لەڕەگی لقەکانەوە وەردەگرێت .

٨.شێوازی پەللێدانی نوێکردنەوە:
ئەم شێوازەش زۆرکردن نیە بەڵکو گۆرینی پۆل و جۆری داری میوەی ناپەسەندە بەهی پەسەندتر ئەویش بەچەند جورێک دەکرێت نمون:
۱.پەل لەترۆپکدان: الترکیب القمی: Top-Grafting
لەپێشدا ۳ بۆ ٥ لقی دارەکە کە ئەستورایی تیرەکەیان ۷بۆ ۱۰سم زیاتر نەبێت بەمەرجێک ڕەچاوی دابەشکردنی پەلەکان بەسەر هەرچوار لای دارەکەدا بکرێت ئەو پەلانەی کە ڕاستەوخۆ لەقەدی دارەکەوە دەرچووبن یان لێیەوە نزیکن لەکۆتایی زستاندا بۆ موتربەکردن هەڵدەبژێردرێن
پەلەکان بەدووری ۲۰ بۆ ۳۰ سم لەقەدەوە دەبڕدرێن پەل و لکە زۆر و زیادەکانیش بەهەمان شێوە دەبڕدرێن مەگەر چەند لکێک بۆ پاراستن و سێبەر کردن لە موتربەکە جێبهێڵدرێت لەگەڵ هەڵبژاردراوەکان ڕاستەوخۆ بەشێوازێکی وەک قامچیی و زمانەیی و قڵیشاندن موتربە دەکرێت .


۲.پەل لەتاجدان: الترکیب التاجی: Grown Grafting
بەشێوازی وەک پەللێدانی قامچیی و قڵیشاندن و توێکڵی ، کە لە پەللێدانی پەل لەسەر قەددا باسکراوە تاجیش بەهەمان شێواز ئەنجام دەدرێت .

۳.پەل لەڕەگدان: Root Grafting
پەل لەڕەگدان زیاتر لەزستاندا بۆ زۆرکردنی سێو و هەرمێ ئەنجام دەردێت بەشێک لە ڕەگەکە یان هەمووی وەکو بنچینە بەکاردێت پەلێکی ۱۰ بۆ ۱٥سم لە لقێکی یەک ساڵەی ئامادە دەکرێت توند لەسەر ڕەگەکە بەیەکەوە دەبەسترێتەوە .
پەل لەڕەگدان دوو شێوازی هەیە:
۱.شێوازی قامچیە پێوەنکردن: Whip Grafting
لوتکەی ڕەگی بنچینەکە بەدرێژی ۳سم بەلاری دەبڕدرێت پەلی لقەکەش بەهەمان شێوە دەبڕدرێت شوێنە بڕاوەکان دەخرێنە سەر یەکدی و بەدواوی ڕافیا توند بەیەکەوە دەبەسترێن بەمۆم شوێنە بڕاوەکان سواق دەدرێن
ڕەگەکە و هەندێک لە پەلەکەدەخرێنە ژێر خۆڵەوە بەپێی پێویست ئاودەدرێت و حزمەت دەکرێت دوای سەرکەوتن و گەشەکردنی پەلەکە داوەکە دەبڕدرێت .


۲.شێوازی زمانیە: Tongue Grafting
هەمان شێوازی قامچییە بەڵام بۆ ئەوەی زۆرترین ڕووبەریان بەیەکەوە بنوسرێت ئەوا هەریەک لەڕەگی بنچینە و پەلی موتربە پێکراوەکە لەشێوەی پیتی N ئینگلیزی دەبڕدرێت .

ئامادەکردن:
 بیلال هەڵەبجەی

سەرچاوە:کتێبە کشتوکاڵیەکان

Previous Post
Next Post
Related Posts