2/10/2019

هەنگی قەوقازی ((Apis mellifera caucasia

هەنگی قەوقازی ((Apis mellifera caucasia

تێبینی: وێنەكە هایبریدە

ڕەچەڵەکی ئەم هەنگە سەرەتا لە دۆڵە بەرزەکانی قەوقازی ناوەندی، نزیک دەریای رەش پەیدابوون، کە مەودای کەشوهەوا لە ناوچەی نیمچە گەرمەسێری شێدارەوە دەگۆڕێ بۆ پلەیەکی فێنک. جۆرجیا نیشتیمانی لقەکانییەتی، بەڵام دەکرێ لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا و ئازەربایجان و ئەرمەنستانیشدا هەبن. هەنگی قەوقازی ڕەنگیان ڕەشە لەگەڵ پەڵەی خۆڵەمێشی یان قاوەیی کە توکی کورتی ڕەنگ ڕەساسییان پێوەیە. زمانیان لە هەنگی ئیتاڵی و کارنیۆڵان درێژترە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە چەتکردنی هەڵاڵەی دانەوێڵە و درەخت لەوان باشتر بن. نێرەکانیان ڕەنگیان ڕەشە و توکی ڕەشیش بە پشتی سەریانەوەیە. لە نزیک ساڵی (١٩٠٥) ئەم هەنگانە لە ڕوسیاوە بردراون بۆ ئەمریکا. هەنگی قەوقازی بە گشتی ئارامن و کەمتر مەیلیان بۆ پورەدان دەچێ، هەروەها لەو ناوچانەی ناوەندی خۆراکن یان لێشاوی شیلەی درێژخایەنیان هەیە زۆر باشن. ئەوەی شایانی باسە زۆر زەحمەتە کە ئێستا سەرچاوە و پەروەریاری ئەم ڕەچەڵەکەی هەنگ دەستبکەوێ (ئێستا ئەم ڕەچەڵەکەش خاوێن نەماوە- وەرگێڕ).
سوودەکانی هەنگی قەوقازی:
- کۆمەڵەی بەهێز بنیات دەنێن، بەڵام لە دەستپێکی بەهاردا لەسەرخۆن ئەمەش بۆ درەخت و دانەوێڵەی سەرەتای بەهار باش نییە.
- ئارام و لەسەرخۆن لەسەر شانەکان، بۆیە کارکردن لەسەریان ئاسانە.
- زمانیان درێژە بۆیە دەتوانن جۆری زیاتری گوڵ چەتبکەن.
- مەیلی کەمیان بە لای پورەداندایە، سەرەنجام خەڵێفی بەهێز دەستەبەر دەکەن.
- دەتوانن لە پلەیەکی نزمی کەشوهەوادا خۆراک پاشەکەوت بکەن، بەیانیان زوو دەردەچن، هەروەها لە ڕۆژانی فێنک و شێداردا.
- زستان تێپەڕاندنیان باشە، لە پاییزدا لە گەرا دەوەستن هەروەها بۆ خۆراکی پاشەکەوتکراو پێخۆرن.
زیانەکانی هەنگی قەوقازی:
- ئەم هەنگە دەرەمێوێکی زۆر کۆ دەکاتەوە، ئەمەش کاری پشکنین بۆ هەنگەوان سەخت دەکات، بێجگە لەو هەنگەوانەی کە دەرەمێو بۆ فرۆشتن کۆدەکاتەوە.
- جۆری سەربەستنی شانە هەنگوینیان ناشرینە و سەرنجی کریار بەلای خۆیدا ڕاناکێشێ.
- گەر بێتو بهارۆژێن ئەوا لەسەریەک پێوەدەدەن، بەو هۆیەوە کاری پشکنین سەخت دەکەن.
- درەنگانی بەهار گەرایان دەڕێژن. بۆ چەتکردنی گوڵی سەرەتای بەهار باش نین.
- بەهۆی ڕەنگی ڕەشیەوە دۆزینەوەی شاژن (مەلەکە) سەختە.
- دەکرێ وێڵ ببن و هەنگە دراوسێکانیان تاڵان بکەن.
- بۆ نەخۆشی نۆزیما زۆر لاوازن، بۆیە دەرمانێکی زۆریان دەوێت.
- سەختە توخمی خاوێنیان بدۆزییەوە.

وەرگێرانی لە ئینگلیزیەوە
ئاوارە عومەر

Previous Post
Next Post
Related Posts