2/10/2019

هەنگی کارنیۆڵان (apis mellifera carnica pollmann1879):

هەنگی کارنیۆڵان (apis mellifera carnica pollmann1879):

تێبینی: وێنەكە هایبریدە

هەنگی کارنیۆڵان لقێکی لاوەکییە لە هەنگی ئەوروپی. هەریەک لە وڵاتی سلۆڤینیا، باشوری نەمسا، هەندێ بەشی کڕواتیا، بۆسنیا، سڕبیا، هەنگاریا، ڕۆمانیا و بۆلگاریا لانەی ئەم هەنگەیە. زستانی ئەم ناوچانە ساردە و لێشاوی شیلەش ناجێگیرە. ئەم هەنگە لە ناوچەکانی باکوری ئەمریکا ناوبانگیان زۆرە. لەگەڵ ئەوەی کە جیاوازە لە هەنگی ئیتاڵی، هەنگی کارنیۆڵان رەنگیان قاوەیی تاریکی مەیلەو ڕەساسییە و توکی کاڵیان پێوەیە؛ نێرە و شاهەنگ (مەلەکە)یان رەنگ ڕەشن. بەگشتی بۆ ئەوە بەخێودەکرێن کە خێرا بۆ هەنگوینی بەهارە کۆمەڵەی زۆر بنیات بنێن و لە کاتی کۆتاییهاتنی شیلەی پاییزدا لە گەرا ڕشتن بوەستن. بەوە ناسراون کە ئارامن و دەرەمێویان کەمە و شانەکان پیس ناکەن و زێدەشانەش هەڵنابەستن. بەڵام گەر بێتو جێگای فراوانبوونیان نەمێنێ ئەوا پورە لێدەدەن و جیا دەبنەوە. ئێستا کارنیۆڵانەکانی جیهانی نوێ لە ئەمریکا پەیدابووە، لە ژێر دەستی (سوو کۆوبی) لە زانکۆی کالیفۆرنیا و (داڤیدس) لە زانکۆی واشنتن پەرەی پێدراوە.
سوودەکانی:
- لە سەرەتای بەهاردا کۆمەڵەیان بەرزە؛ ئەم خەسڵەتەیان باشە بۆ کۆکردنەوەی هەڵاڵە و لێشاوی شیلەی بەهارە.
- گەر هاتوو خۆراک پاشەکەوتکردن بەرەو کەمبوونەوە چوو، ئەوا گەراش کەمدەبێتەوە، ئەمەش بۆ پاراستنی هەنگوینی پاشەکەوتکراو باشە.
- زۆر ئارام و لەسەرخۆن؛ زۆر کەم مەیلیان لە پێوەدانە و کارکردن لەگەڵیان ئاسانە.
- کەم گەرایان توشی نەخۆشی دەبێ بۆیە دەرمانی کەم بەکاردێ.
- زۆر بە پێخۆر هەنگوین دەخۆن، بۆیە زستان بە هەنگوینێکی کەم و هەڵاڵەیەکی کەمی پاشەکەوتکراو تێدەپەرێنن.
- زۆر کەم مەیلیان بۆ تاڵاکردنە، چونکە ئەم هەنگە بۆ مەودایەکی دوور دەفڕێت و بۆ نیشتنەوەی شت نیشانە دەکات.
- ڕەنگی سپی مێو هەڵبەستنیان سەرنجی کڕیاران بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت.
- زستان بەسەربردنیان باشە؛ شاهەنگ (مەلەکە) لە پاییزدا لە گەرا دەوەستێ، بۆیە ژمارەیەکی کەم هەنگ بەسەر خۆراکێکی کەمی پاشەکەوتکراو دەبینین.
- بە بەراورد لەگەڵ ڕەچەڵەکەکانی دیکەی هەنگ، لە ڕۆژانی فێنک و شێداردا، بەیانیان زوو، دەرنگانی دوای نیوەڕۆ بۆ خۆراک پاشەکەوتکردن هەڵدەستێ.
زیانەکانی:
- پورە دەدەن گەر بۆشایی تەواویان پێنەدرێت.
- کۆمەڵەی بەهێزیان بەندە بە پێدانی هەڵاڵەی تەواو؛ دەکرێ لە هاویندا لە کۆمەڵە لاواز بن، گەر هاتوو خۆراکی پیویست دواکەوت یاخود نەبوو.
- ڕەنگی تاریکی شاهەنگ (مەلەکە) دەبێتە هۆی سەخت دەستنیشانکردنی لەناو کەندو، بەو هۆیەوە کاری گۆڕینی شاهەنگ هێواش دەکات.

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە
ئاوارە عومەر
Previous Post
Next Post
Related Posts