1/29/2019

گێزەر:کەش و هەوای گونجاو

گێزەر: الجزر

ناوی_ئینگلیزی        Carrot 
ناوی_زانستی  Daucus carota var.Sativa   
خێزانی_چادری . (العائلة الخمیة)

گێزەر لەو بەرووبومانەیە لەکۆنەوە ناسراوە گێزەر بۆ ڕەگەکەی دەچێنرێت و بەکاڵی و کوڵاوی دەخورێ دەوڵەمەندە بەکارۆتین کەسەرچاوەی ڤیتامین {A}یە ۱۲۰۰۰ یەکەی تێدایە. بڕێکی باش لەڤیتامینەکان و لە ڕایبووتلافین و ڕێژەیەکی بەرز لەشەکری تێدایە کاربۆهیدات بەبڕی ۹گم بۆ هەر ۱۰گم لەو بەشەی کەدەخورێت هەندێ توخمی کانزای تری وەکو کالیسۆم و فۆسفۆری تێدایە نیشتمانی گێزەر ئەوروپا و ئاسیا و باکوری ئەفریقایە تائێستاش بەشێوەیەکی سروشتی لەزۆر شوێن گەشە دەکەن

ژینگەی_گونجاو:

۱.ئاو_و_هەوای_گونجاو:
باشترین پلەی گەرمی گونجاو ۱٦ بۆ ۲۱ س بۆ بەرهەمهێنانی ڕەگی باش کە وەک پۆلەکەی بێت بەشێوەیەکی گونجاو گێزەر پێویستی بەئاو و هەوای مامناوەندی مەیلە و سارد هەیە لەسەرەتای قوناغەکانی یەکەمی گەشەی ڕووەکەکە تاڕادەیەکی پێویستی بەپلەی گەرمی بەرز هەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵەی ڕەگی زۆر درووست بکات بەڵام لە قۆناغەکانی گەشەیدا پێویستی بەپلەی گەرمی نزم هەیە بۆ پەلەکردن لە گواستنەوەی توخمە خۆراکیەکان و کۆبونەوەیان لەڕەگدا .
۲.خاکی_گونجاو:
باشترین خاک بۆ بەرهەمهێنانی گێزەر خاکی سووکە چونکە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی ڕەگێکی لوس و ڕێک و ڕەنگی سەرنج ڕاکێش و شیرین جگە لە وەش زوو پێدەگات دەتوانرێت گێزەر لەهەموو خاکێکدا بڕوێنرێ بەمەرجێک خاکەکە ئاو باش دابدات و خوێی تێدا نەبێت و ترشی زۆر نەبێت ڕواندنی گێزەر لەزەوی قورس دا دەبێتە هۆی خراپی چۆنایەتی و کەمی بەرهەم.

٭کاتی_چاند :
گێزەر لەمانگی ئاب تا تشرینی یەکەم دەتوانرێت بچێنرێت وەهەر دۆنمێک ۳ بۆ ٤ کگم تۆوی دەوێت

ڕێگای_زۆربوونی: گێزەر بەتۆو زۆر دەبێت

ئامادەکردنی_زەوی_و_ڕێگای_چاندن:
پێویستە زەویەکە بەباشی ئامادەبکرێت پێش چاندن ئەمەش بەکێڵانی باش و وردکردن و تەختکردنی زەوییەکە بۆ ڕزگاربوون لەکەستەکی گەورەی خاک ئینجا زەوییەکە بەگوێرەی ڕێگای چاندن دابەش دەکرێت یان لەدوکانی بچوکدا یان لەسەر دێراو کەماوەی نێوان دێراوەکاندا ۷٥سم بێت لەناو دوکانەکاندا تووەکە بەهێڵ دەچێنرێت یان دێراو بەتووەکە دەکرێتە ناوچاڵی درێژ بەشێوەی کەندەک لە هەردولای دێراوەکان و دوایی بەچینێک خۆلی ورد دادەپۆشرێت و لەسەرخۆ و بەهێواشی ئاو دەدرێت.

کارەخزمەتگوزارییەکان:

۱.ئاودان :
گێزەر پێویستی بەبڕێکی گونجاو لەشێ هەیە بەدرێژایی ماوەی گەشەکردنی بۆ ئەوی بەرهەمێکی باش لەبەرووبومەکە و شێوەیەکی سەرنجڕاکێشی هەبێت گێزەر بەرگەی وشکی خاک ناگرێت
باشترین ئاودان ئەوەیە کەوا لەسەرخۆ و ماوەی ئاودان لەیەکتر نزیک بێت
۲.پەینکردن:
هەردۆنمێک ۱۰م۳ پەینی ئاژەلی دەوێت لەکاتی کێڵانی زەوی تێکەڵ بەخاکەکە دەکرێت پەینی کیمیایش بۆ هەردۆنمێک ٦٥ کگم سوپەر فۆسفاتی سیانی پێش چاندن بەکاردەهێنرێت و ۱٨۰ کگم کبریتاتی پۆتاسێوم بەکاردەهێنرێت ئەو بڕەش بەدووجار دەدرێتە خاکەکە نیوەی پێش چاندن و نیوەکەی تریش پاش ٤٥ ڕۆژ لەدوای چاندن ئەگەر پەینی ئاوێتە بەکاربهێنرێت ئەوا بۆ هەردۆنمێک ٥٥کگم لەجۆری ۱٨ ـ ۱٨ ـ ٥  ی دەوێت و پێش چاندن بەکاردەهێنرێت .
۳.دووبارە_تۆوکردنەوە:
دوکانەکان و چاڵە نەڕوواوەکان لەدوای ۲۰ ڕۆژ بەتۆوی باش دووبارە دەچێنرێتەوە
٤.تەنککردن:
کاتێک ڕووەکەکان دەگەنە بارستاییەکی گونجاو تەنک دەکرێت بەمەرجێک ماوەی نێوان ڕووەکێک و ڕووەکێکی تر ۱۰ بۆ ۱٥ سم بێت ئەوکارە لەکارە خزمەتگوزارییە گرنگەکانە بۆ بەرهەمهێنانی جۆری گێزەری باش و قەبارەی گونجاو .
٥.پاچەکۆڵە_و_بژارکردن:
گەشەی گژوگیا لەکێڵگەی گێزەردا بۆتە هۆی کێشەیەکی گەورە بۆ بەرووبومەکە چونکە تۆوی گێزەر لەسەرخۆ و بەناڕێکی دەڕوێت کاری لەناوبردنی بژار و ڕزگابوون لێی لەسەرەتای قۆناغی گەشەی ڕووەک زۆر گرنگە بۆ ئەوەی کێبڕکێی ڕووەکەکە نەکات چونکە دەبێتە هۆی نزم بوونەوەی چەندایەتی و چۆنایەتی بەرووبوومەکە لەبەر ئەوەی ڕەگی گێزەر لەچینی سەرەوەی خاکیدا پێویستە پاچەکۆڵەکردنەکە لەڕووی سەرەوە زەوی دابێت نەوەکو زیان بەڕەگەکان بەرەکان بگەیەنێت یان بیپچڕێنێت .
٦.#دەردەکان_و_چارەسەرکردنیان:

٭گرنگترین_ئەو_نەخۆشیانەی_کەتوشی_کێڵگەی_گێزەر_دەبن_ئەمانەن:

۱.زەردبوون:
نەخۆشیەکی ڤایرۆسییە ئەو ڕووەکانەی تووشی ئەم نەخۆشیە دەبن تامیان تاڵ دەبێت مێرووی هەڵبەزۆکەی گەڵا هۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکەیە بۆیە پێویستە مێرووەکان قەڵاچۆبکرێن ماددەی مالاسیۆن بڕشێندرێن بۆ چارەسەرکردنی ڕووەکان تاوەکو .نەبێتە هۆی گواستنەی نەچۆشیەکە .
۲.دۆکەی_گەڵا :
نەخۆشیەکی کەڕووییە دەبێتە هۆی بچوک بونەوەی قەبارەی ڕەگەکان و کەم بونەوەی بەرهەم بەهۆی ڕشاندنی مادەی دیاسین ٨۷ Diathane  z وەچارەسەر دەکرێت زۆر نەخۆشی تریش هەن تووشی گێزەر دەبێت لەکاتی ئەمبارکردندا بەهۆی فەراهەمنەبوونی کەشێکی گونجاو لەئەمبارەکاندا .
۳.نەخۆشی_گەنینی_خۆڵەمێشی_و_نەخۆشی_گەنینی_تەڕی_بەکتریایی:
دەوانرێت تووش بوون بەم دوو نەخۆشیە کەم بکرێتەوە بەهەڵگرتنی گێزەر لەئەمباری باش و گونجاودا کەپلەی گەرمی سفری سەدی بێت و ڕێژەی شێش لە ۹۰ %کەمتر نەبێت ڕەگی بریندار و ڕووشاو و بخرێتەوە .

مێرووەکان :
گێزەر توشی هەندێ مێروو دەبێ لەوانە شۆکە و کرمەمارییەکان وەمێشی گێزەر زیانێکی زۆرە بەگێزەر دەگەیەنن بەهۆی مادەی دیازینۆن Duazinon چارەسەر دەکرێن .

پێگەیشتن :
دوای ۹۰ بۆ ۱۰۰ ڕۆژ لەچاندن گێزەر پێدەگات کەشیاوی بەکارهێنانە کارۆتین و بڕی شەکر و گۆڕانکارییەکانی تر کە ڕوودەدەن بنچینەن بۆ دیاری کردنی پلەی پێگەیشتن

بڕی_بەرهەم . هەردۆنمێک لەگێزەر ۳ بۆ ٥ تەن بەرهەم دەدات .

بەرهەمهێنانی_تۆو
دوای ئەوەی تۆوەکان پێدەگەن و ڕەگەکان قەبارەیان تەواو گەورە دەبێ لەو کێڵگەیەی لێی چاندراوە هەڵدەکەندرێت و باشەکانیان هەڵدەبژێرین و دووبارە لەسەر دێراو دەچێنرێتەوە و دەبێ ماوەی نێوانیان ۷٥ سم بێت انجا گوڵ دەگرێ و لەبەهاردا تۆو دەدات بەڵام جۆرە بیانییەکان لەژێر بارودۆخی ئاسایدا گوڵ ناکەن دەبێت بخرێنە بەر پلەی گەرمی نزم ٥ س و شێی بەرز بۆ ماوەی ۱٥ ڕۆژ انجا هەڵبکەندرێن و لەسەر دێراو بڕوێنرێن انجا لەبەهاردا گۆڵ دەگرن وتۆو دەکەن پێویستە ئەو کێڵگەیەی کەبۆ مەبەستی بەرهەم هێنانی تۆو دەچێنرێت بەماوەی ۱ کم دووربێت لەکێڵگەکانی تری گێزەر تاوەکو کرداری پەڕینی تێکەڵ ڕوونەدات لەگەڵ پۆلەکانی تری گێزەر هەردۆنێمک ٤۰ بۆ ٥۰کگم تۆو بەرهەم دەدات .

لەبارگرتن_و_ئەمبارکردن
ا. دوای ئەوەی گێزەرەکان پێدەگەن بەهۆی بێڵ خاکەناز یان گاسنی تایبەت بەهەڵکەندنی گێزەر یان بەهۆی ئامێر گێزەرەکان هەڵدەکەندرێن انجا خراپ و بریندارەکان و تێکچووەکان جیادەکرێنەوە و باشەکان پاک دەکرێنەوە و دەشۆردرێنەوە و دەکرێنە گونیەی تایبەتەوە لەبازاڕدا دەفرۆشرێن .

ب.ئەمبارکردن_هەڵگرتن:
دەتوانرێت گێزەر بۆماوەی مانگێک لەپلەی گەرمی سفری سەدی و شێی ڕێژەیی بەرز لەنێوان ۹۰ بۆ ۹٥ %دا هەڵبگیرێت .

پۆلەکانی_گێزەر :

۱.خماڵی_زەرد :
بنەکانی شێوەیان ناڕێکە ڕەنگیان زەردە لەو پۆلە دیاردەی زوو گۆڵ کردن هەیە و ڕەگەکانیان زۆر ڕەق دەبن .
۲.خۆماڵی_سوور :
بنکەکان درێژ و ئەستورن ڕەنگیان سووری تۆخە و دیاردەی گوڵکردنی زووی هەیە و دەبێتە هۆی خراپی چۆنایەتی بەرهەم .
۳.نانتس {Nantes }:
لەپۆلە باشەکانە بنکەکانی درێژن ۱٥ بۆ ۱٨ سم دەبێت ڕەنگی پرتەقالیە و لەشێوەی لوولەک دایە پاش ۷۰ ڕۆژ پێدەگات بەرگەی زوو گوڵ کردن دەگرێ .
٤.شانتنای {Chantenay}:
لەپۆلە بیانیە باشەکانە بنکەکانی ۱۰ بۆ ۱٥ سم درێژە و ڕەنگیان پرتەقاڵی تۆخە شێوەی لولەییە و پاش ۷٥ ڕۆژ پێدەگات .
ئامادەکردنی:
بیلال_هەڵەبجەی


Previous Post
Next Post
Related Posts