11/30/2018

کاریگەری مۆسیقا لەسەر گەشەی ڕووەک

کاریگەری مۆسیقا لەسەر گەشەی ڕووەک .
ڕەنگە بەکارهێنانی مۆسیقا بۆزیادکردنی گەشەی ڕووەک شتێکی نامۆ بێت بەلای ئێمەوە بەڵام توێژینەوەکان دەریانخستووە کە هەر دەنگێک لەوانە (مۆسیقا-دەنگی مرۆڤ،هتد) کاریگەری هەیە لەسەر گەشەی ڕووەکەکان.ئەو لەرینەوانەی لە ئەنجامی شەپۆلی دەنگی دروست دەبن دەبنە هۆکارێک بۆ هاندانی گەشەی ڕووەک.

مۆسیقا و گەشە :
توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە هەموو دەنگێک کاریگەری دەبێت لەسەر گەشەی ڕووەک .لە یەکێک لە توێژینەوەکان ئەوە دەخاتە روو کە ئەو ڕووەکانەی بۆ ماوەی ٦ سەعات مۆسیقایان بۆ پێکراوە گەشەیان زیاتر بووە لەو ڕووەکانەی کە بەبێ مۆسیقا گەشەیان کردووە.

ڕووەکەکان چۆن دەتوانن گوێیان لە دەنگەکان بێت ؟
ئایا مۆسیقا چۆن دەتوانێت کاریگەری لەسەر گەشەی ڕووەک هەبێت کاتێک ڕووەک گوێی نیە ؟بۆ ئەوەی بزانین ئەمە چۆن کاردەکات با سەرەتا بزانین مرۆڤ چۆن گوێی لە دەنگەکان دەبێت.
دەنگەکان بە شێوەی شەپۆل دەگوازرێنەوە لەناو ناوەندێکی وەک هەوا یان ئاو.ئەو شەپۆلانە وا لە تەنۆلکەکان دەکات کە لەو ناوەندەدا بلەرێنەوە.کاتێک تۆ ڕادیۆ پێ دەکەیت شەپۆلەکانی ئەو دەنگەی کە لە ڕادیۆیەکە دەردەچن لەرینەوەیەک دروست دەکەن کەئەمیش  دەبێتە هۆی لەرینەوەی گوێچکە .کە دواتر ئەم وزەی فشارە دەگۆرێت بۆ وزەی کارەبای بۆ مێشک بۆ ئەوەی وەریگێرێت و دەنگەکان بناسێتەوە.
لە ڕووەکیشدا بە هەمان شێوەیە ، بەلام ڕووەک گوێی لە دەنگەکان نابێت تەنها هەست بە لەرینەوەی شەپۆلەکانی دەنگ دەکات. ئەو لەرینەوەیەی کە بەهۆی شەپۆلەکانی دەنگ دروست دەبێت دەبێتە هۆی خێراکردنی جوولەی پرۆتۆپلاسم لەناو خانەکانی ڕووەکدا ،کە ئەم هاندانی پرۆتۆپلاسمە کاریگەری دەبێت لەسەر سیستەم و گەشەی ڕووەک وەک زیادکردنی وەرگرتنی خۆراک کە دەبێتە هۆی گەشەی زیاتر و ڕووەکێکی بەهێزتر.

کامیان باشترە بۆ گەشەی ڕووەک ، مۆسیقای ڕۆک یان کلاسیکی ؟
وەکە دیارە کە جۆرە جیاوازەکانی مۆسیقا جۆری جیاواز لە شەپۆلی دەنگیان هەیە کە ئەمەش پەستان و لەرینەوەی جیاواز دروست دەکەن ، هەر لەبەر ئەمەیە کە هەندێک جۆری مۆسیقا لە هەندێک جۆری تر کاریگەری باشترە بۆ گەشەی ڕووەک ، توێژەرانی ئەم بوارە پێیان وایە کە مۆسیقای ڕۆک کاریگەری خراپی هەیە لەسەر ڕووەک لەبەر ئەوەی پەستانی شەپۆلەکانی دەنگی ئەو مۆسیقایە وەکو شەپۆلەکانی (با) یە کە ئەمەش وا لە ڕووەک دەکات گەشەی بوەستێنێت .کاتێک ڕووەک گەشەی کەمترە بەهۆی مۆسیقای ڕۆک مانای وانیە کە حەزی لە مۆسیقای کلاسیکە ، تەنها لەبەر ئەوەیە کە مۆسیقای ڕۆک پۆستانی زیاتر دروست دەکات لە شەپۆلەکانی دەنگ.

پەیوەندی نێوان ڕووەکەکان:
ڕووەکەکان وا بەدەردەکەون کە گوێ لە دەنگی لەرینەوەکانی یەکتری دەگرن، ئەو ڕووەکانەی کە لە تەنیشتی یەکترن مەیلی گەشەیان زیاترە و تەندروستترن لەو ڕووەکانەی کە بە جیا و بە تەنیان .توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە ڕووەکەکان قسە لەگەل یەکتری دەکەن لە رێگای لەرینەوەکان ، وە ئەم پەیوەندی لەرینەوەیە وا لە ڕووەکەکان دەکات کە بزانن کەی کاتێکی گونجاوە بۆ گەشە.بە پێی توێژینەوەیەکی تر ئەو لەرینەوەی لە دەنگەکان دروست دەبێت وەک دەنگی مۆسیقا دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر لەکار خستن و چالاکردنی جینەکان.

بەرگری ڕووەک :
ڕووەکەکان دەتوانن هەست بە مەترسی بکەن کاتێک مێرووەکان گەلایەکانیان دەخۆن لە ڕیگای لەرینەوە .ئەو رووەکەی گەلایەکانی دەخورێت لەلایەن مێروو هەواڵی بوونی مەترسی بلاو دەکاتەوە بۆ ڕووەکەکانی تر لە رێگای لەرینەوە. وە ڕووەکەکانی تر خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بەرگری یاخود گەشە رادەگرن تا بە تەواوی مەترسی نامێنێت و دۆخەکە ئارام دەبێتەوە.هەروەها بەلگەیەکی تریش هەیە کە دەسەلمێنێت ڕووەکەکان وەلامدانەوەیان هەیە بۆ لەرینەوەکان ئەویش ئەوەیە کاتێک ڕووەکەکان هەست بە لەرینەوەیەکی بەردەوام دەکەن وەک ئەوەی( با )دروستی دەکات ئەوان دەزانن کە پێویستە هیچی تر درێژ نەبن .بۆیە ڕووەکەکە گەشەکردن بۆ درێژبوون ڕادەگرێت.

سینغ سەرۆکی بەشی ڕووەکزانی لە زانکۆی ئەنامەڵای لە هیندستان تاقیکردنەوەیەکی کرد لەسەر کاریگەری دەنگی مۆسیقا لەسەر ڕێژەی گەشەی ڕووەک ،لە ئەنجامدا ئەوەی بۆ دەرکەوت کە ڕووەکی بەلسەم بەرێژەی ٪٢٠ لە باڵای و بە رێژەی ٪٧٥ لە کێشەکەی خێراتر بوو بە بەراورد لەگەل ڕووەکی کۆنترۆل(بەبێ مۆسیقا). دواتر هەر هەمان توێژەر تاقیکردنەوەکەی دووبارە کردەوە لەسەر ڕووەکە دانەوێلەیەکان بە بەکارهێنانی مۆسیقای راگا(مۆسیقایەکی کلاسیکی هیندیە) لە رێگای گرامافۆن و بلندگۆ . لە ئەنجامی ئەو توێژینەوەیەدا دەرکەوت کە قەبارەی ڕووەکەکان لە ٪٢٥-٦٠ زیاتر بوو لە گەشەی ئاسایی ڕووەکی کۆنترۆل (بێ مۆسیقا).

سەرچاوەکان:
 -Asian Journal of Plant Science and Research: Effect of Sound on Plant Growth.
- Phys.org: Probing Question: Does Talking to Plants Help Them Grow?
 -University of Western Australia: Plant Growth and Sound.
 -National Geographic: Plants "Listen" to the Good Vibes of Other Plants.
-Time: Study: Plants Can ‘Hear’ Their Attackers’ Approach. ---https://www.gardeningknowhow.com/garden-how-to/info/how-music-affects-plant-growth.htm.

ئامادەکردنی:هۆشەنگ کانەبی
Related Posts