2/11/2019

ڕووەکی جەهەنەمی

ڕووەکی جەهەنەمی

ناوە زانستیەکەى: Bougainvilleas spp
ناوى خێزانەکەى: Nyctaginacaeae
بەفارسى: گل کاغذى
بەعرەبى: جهنمى

جەهەنەمى جوانترین جۆرە ڕووەکى خۆهەڵواسە بەلاى خاوەن باخچەکانى ناوماڵانەوە، بەتایبەتى لەهەردوو ناوچەى ناوەڕاست و خواروودا چونکە ئەم ڕووەکانە هەمیشە سەوزن، هەروەها لەبەر ئەوەى گەڵاى تەوەرەیى و (قەنابى) جوانى پێوەیە بەدرێژایى ساڵ، ڕەنگى ئەم گەڵایانەش بەپێى جۆر و چەشنى ڕووەکەکان دەگۆڕێت کە ڕە‌نگی په‌مه‌یی و سوور و زه‌رد و پرته‌قاڵی و مۆر و هه‌روه‌ها سپی و سپی تێکه‌ڵ به‌ مۆری هه‌یه‌. ئەم گەڵایانە لاى زۆر کەس بەگوڵ دادەنرێن، کەچى دەبینین گوڵى ڕاستەقینەى ڕووەکى جەهەنەمى بچکۆلانە و بێ دیمەن و لەڕازاندنەوەشدا بێ بایەخن، کەچى (قەنابەکان – گەڵا گۆڕاوەکان) جوانیەکى تایبەتى بەم خۆهەڵواسانە دەبەخشن.
سیفەتەکانـى:
هەموو جۆرە جەهەنەمییەکان هەمیشە سەوزن، (٥ – ١٠) مەتر بەرز دەبێت و بەهۆى ئەو دڕکانەوە خۆى چەسپ دەکات کەبەسەر لقەکانەوە هەن، ئەم ڕووەکە بەرگەى بڕینەوە و شێوە بەندى (دروستکردنى شێوە لێى) دەگرن. وە قه‌د و لقی جه‌هه‌نه‌می زۆر ناسکه ‌و به‌رگه‌ی ڕه‌شه‌بای به‌هێز ناگرێت،‌ هه‌ندێک جار له‌به‌ر قورسی سه‌رچڵه‌کانی لقه‌که‌ ئه‌شکێته‌وه‌.
ڕێگەکانى زۆربوون:
ڕووەکى جەهەنەمى بەهۆى قەڵەم لە بەهاراندا بەتایبەتى لەسەرەتاى بەهاردا زۆر دەکرێت، وەهەروەها بە نواندنیش زۆردەکرێت (پێدەچێت مەبەستى ترقیدبێت کە قەدەکەى لەسەر زەوى ڕادەکشێنین و لەچەند شوێنێکەوە قەدەکە دەخەینە خاکەوە).
گەڵاکانـى:
شێوەى هێلکەى یە، لەدەست لێداندا وەک پێست وایە، لەسەرەتادا ڕەنگیان سەوزێکى تاریکە.
                                                                                                                                                       گوڵەکەى:
ئەم ڕووەکە گوڵێکى سپى هەیە

ژینگەى گونجاو:
هەموو جۆرە ڕووەکە جەهەنەمییەکان لەخاکى نیشتەنى پڕ لەماددەى ئۆرگانیدا گەشە دەکەن، بەتایبەتى ئەگەر شوێنەکانیان بەر خۆر بێت چونکە بەرگەى پلەى گەرمیى بەرز دەگرێت بەڵام هەر زوو ساردى(پلەى گەرمى نزم) کارى تێدەکات، بۆیە دەبینین لەو ساڵانەدا کە ناوچەکە تووشى شەپۆلى ساردى دەبێت و پلەکانى گەرمیى دەگەنە ژێر پلەى سفرەوە هەموو لقەکانى دەمرن بەڵام لە بەهاردا دووبارە لقى تازە و بەهێز دەردەکانەوە، لەبەر ئەوە چاکترین ناوچە بۆ چاندنى جەهەنەمى ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورە، بەتایبەتى ناوچەى (بەێرە) چونکە لەوێدا پلەکانى گەرمیى و ڕاددەى شێى ناو هەوا بەرزن. زانیمان جەهەنەمى ڕووەکێکە کە زیاتر حه‌زی به‌ گه‌رمایه‌. بۆیە‌ له‌ زستاندا پێویسته‌ به‌ نایلۆن قه‌ده‌که‌ی داپۆشرێت تا سه‌رما کاری تێ نه‌کات به‌ڵام ئه‌گه‌ر بووه‌ به‌ دار ئه‌وا خۆی به‌رگری له‌خۆی ده‌کات له‌سه‌رما.

گرنگى جەهەنەمى بۆ ڕێخستنى باخچەکان:
لەبەر زوو گەشەکردنى ئەم ڕووەکە و دەرکردنى گەڵاى گۆڕاو (قەناب) لەساڵى یەکەمیەوە و مانەوەى ئەم جۆرە گەڵایانە بەدرێژایى ساڵەکە هەروەها لەبەر دەرکردنى لقى تازە و نوێ، ڕووەکى جەهەنەمى بۆ ئەوە دەشێت کە وەک پەرژینە گەڵایەکى گوڵدار بخرێتە سەر پەرژینە ئاسنەکان و تانۆکەکانى باخچەى ماڵان و باخچە گشتییەکان هەروەها ڕووەکەکە خۆ بە کەپر و کەوانە و جۆرەکانى تردا هەڵدەواسێت، سەرەڕاى ئەمانەش دەتوانین لەناو سندووق و بەرمیلە تەختەى گەورەدا پەروەردەى بکەین و بۆ ڕازاندنەوەى ژوور و ساڵۆن و هۆڵەکان بەکارى بهێنین وە دەتوانین وەک نموونەیەکى تاک یان لەشێوەى کۆمەڵەى (٣ – ٥) ڕووەکدا لە گۆڕەپان و مەیدانەکاندا بیان نوێنین(ڕوێنین) چونکە ئەمانە شوێنى بەرچاون و جەهەنەمیش ڕووەکێکى سەرنج ڕاکێشە گەلێک جۆر و چەشنى جەهەنەمى هەن، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
١- Bougainvillaea glabra:
خۆهەڵواسێکى خێرا گەشە کردەیە و بەزۆرى وەک پەرژین ڕازاندنەوە بەکاردێت، بەوە جودا دەکرێتەوە کە بەدرێژایى ساڵ (قەنابى) گەڵاى گۆڕاوى سوورى کراوەى پەمەیى پێوە دێت، لقەکانیشى دڕکاوین، هەروەها ئەم جۆرەیان بەرگەى دابەزینى پلەى گەرمیى دەگرێت و زووش گەشە دەکات بۆیە دەتوانین لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بیڕوێنین. سەرەڕاى ئەمەش بۆمان هەیە لەناو مەرکانەى گەورە و بەرمیل و سندووقى تەختەدا بیڕوێنین چونکە لەساڵى یەکەمەوە (قەنابى) ڕەنگ سوورى کراوەیان پێوە دێت.
٢- Bougainvillaea spectabilis:
ئەم جۆرەیان جوداوازى لەگەڵ جۆرى یەکەمدا هەیە بەوەى کە گەڵاکانى گەورەتر و درێژترن و (قەنابە) کانیشى گەورەتر و ڕەنگ ئەرخەوانین، هەروەها گەشەکردنى بەهێزە و دڕکەکانیشى پتەون، گەڵا گۆڕاوەکانى ئەم ڕووەکە لەسەرەتاى ئەیلولەوە (مانگى ٩) دەردەچن و بەدرێژایى زستان دەمێننەوە واتە لەماوەى دەرچوونى (قەنابى) نەک بەدرێژایى ساڵ.
٣- Bougainvillaea spectabilis . v . Mrs Butte (مسز بیت):
    قەنابەکانى ڕەنگ سوورى هەنارین و بەدرێژایى ساڵ بەسەر لقە لاوەکیەکاندا دەمێننەوە، گەڵاکانیشى گەورە و تاڕاددەیەک خڕن، ئەوەى شایەنى باسە ئەوەیە کە هەموو چەشنەکانى (vrs . Butte) زەحمەتە بەقەڵەم هەروا بەئاسانى زۆر بکرێن بەڵام دەتوانین بۆ ئەم زۆر کردنە هۆڕمۆنى (IBA) بەکاربهێنین، واش دەرکەوتووە کە باشترین خەستى بۆ ئەم زۆرکردنە بریتییە لە (٢٠٠٠) بەش لە ملیۆنێک، زۆر بەئاسایش ئەم چەشنە بەنواندنى هەوایى و نواندنى زەوییەوە زۆر دەکرێت.
 ٤- Bougainvillaea alba:
زۆر لە چەشنى (مسز بیت Mrs Butte) دەکات بەڵام (قەنابەکانى) ئەمە سپین، دەتوانین ئەم جۆرەیان بەسەر جۆرە (قەناب)ـه سوورە تاریک و کاڵەکاندا موتوربە بکەین کە ئەو کاتە ڕووەکەکە بەم دوو ڕەنگە جیاوازە زۆر جوان دێتە بەر چاو.
*جۆرێکی جه‌هه‌نه‌می ئه‌بێت به‌ دره‌خت و پێویستی به‌ خۆ هه‌ڵواسین نییه‌ و قه‌دی ئه‌ستووره‌.
پرسیار/ ڕووەکى جەهەنەمى لە پلەیەکى گەرمى نزمدا گەڵاکانى دەوەرێت ئایە هەمیشە سەوزە؟
وەڵام/ مەرج نییە ڕووەکێک گەڵاکانى بوەرێت هەمیشە سەوز نەبێت چونکە وەرینى گەڵاکانى ڕووەکى جەهەنەمى لەئەسڵدا بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە ڕووەکێکى گەڵا وەریوە بەڵکوو بۆ نزمى پلەى گەرمى دەگەڕێتەوە کە وا لەگەڵاکانى دەکات بوەرن خۆى لەخۆیدا ئەم ڕووەکێکە ئارەزووى پلەى گەرمى بەرز دەکات.


ئامادەکردنی : شالاو عبدالرحمن ١٣/٧/٢٠١٣

سەرچاوەکان:
کتابى ئەندازەکارى باخچان چاپى یەکەم ساڵى ٢٠٠٧ لاپەڕە ٢٠٥و٢٠٦و٢٠٧

Previous Post
Next Post
Related Posts