ئەگلۆنیما Aglaonema
بە ئینگلیزی : Aglaonema
خێزانی : Araceae
ڕووەكێكی گەڵاو گوڵ جوانی بەر سێبەرە,گەڵاكانی لە شێوەی (ڕم) دایە و گەورەیە و نزیكەی 30 سم درێژە,گەڵا سەوزەكانی بەرگەی نیمچە ڕووناكی دەگرێت واتە تاریك نەبێت,
بەڵام جۆرەكانی تر وەك گەڵا زەرد و سپێ كانی پێویستی زیاتریان بە ڕووناكی هەیە,لە ناوەندی ڕووەكەكەوە گوڵێكی سپی لە سەر لاسكێك گەشە دەكات بە بەرزی 45 - 70 سم دەبێت,ئەم ڕووەكە بە باشی لە ئینجانەدا دەڕوێت بەمەرجێك دووربێت لەكەش و هەوای نەگونجاو و ڕێڕەوی هەوای توند وپێویستی بە پلەی گەرمای مامناوەندە و شوێنی شێدار وپێویستی بە كۆدی كیمیاوی (سماد كیمیاوی شل) هەیە و گۆرینی ئنجانەكەی بۆ قەبارەی گەورەتر.
ئاو و هەوای گونجاو بۆ ئەم ڕووەكە:
• پلەی گەرما:پێویستە ئەم ڕووەكە پلەی گەرمای لە نێوان 21-23 °س بێت و لە زستاندالە 15 °س كەمتر نەبێت واتە ئەگەر لە 15 °س كەمتر بێت گەڵاكانی لوول و شۆردەبنەوە.
• ڕووناكی:پێویستی بە ڕووناكی گونجاو هەیە واتە نیوە سێبەر دوور لە تیشكی خۆری ڕاستەخۆ و كەمی ڕووناكی دەبێتە هۆی دواخستنی گەشەكردن و بێ هێزی و لاوازی لاسكی ڕووەكەكە.
• ئاودان: ئاودانی لە بەهار تا پایز پێویستە ڕۆژە نا ڕۆژێك بێت و بەپێچەوانەوە لە زستاندا ئاودانی كەم بێت.
• ڕادەی شێ: ئەم ڕووەكە پێویستی بە ڕادەی شێی بەرزە پێویستە لە هاویندا كاری ئاو پرژاندنی گەڵاكانی رۆژانە بۆ ئەنجام بدرێت.
• گواستنەوە:پێویستە هەر سێ ساڵ جارێك لە وەرزی بەهاردا ئینجانەكەی بگۆرێت بۆ قەبارەی گەورەتر و خاكەكەی (بیتمۆس) ی تێدا زۆر بێت.
• خاك: ئەم ڕووەكە پێویستی بە خاكێكی تێكەڵ هەیە كە ئاوەڕۆی باش بێت.
• زیادكردن: بۆ زیادكردنی ئەم ڕووەكە پێویستە لە وەرزی بەهارو هاوین دا بە برالە (خلفات) یان بە دابەشكردن یان بە تۆو لە بیتمۆس دا و لە پلەی گەرمای 23-25°س دا ڕووەكەكە زیاد بكرێت.
• نەخۆشی یەكان:دەركەوتنی نەخۆشی لەم ڕووەكەدا كاتێ دەبینین لێواری گەڵاكان ڕەنگی قاوەی و ئەستوری پێوە دیارە ئەمەش هۆكارەكەی كەمی پلەی شێ و بەرزی پلەی گەرمایە,ئەگەر پلەی گەرما نزم بێت واتە سارد بێت ئەوا گەڵاكە ڕەنگی قاوەیی و لێواری گەڵاكە لوول دەبێت و توشی نەخۆشی دۆكەی سپی (بق دقیقی) لە سەر بنكی گەڵاكان و جاڵجاڵۆكەی سوور (حلم العنكبوت الاحمر) دەبێت. پێویستە بە قڕكەری(ملاپیون یان كالتین) چارەسەربكرێت.