2/10/2019

بۆچی هەنگوین دەچێتە دۆخی بلووربوونەوە- بەدەنکۆڵەبوو (بە کریستاڵ بوو)؟

بۆچی هەنگوین دەچێتە دۆخی بلووربوونەوە- بەدەنکۆڵەبوو (بە کریستاڵ بوو)؟

‎بە بلووربونی هەنگوین کە زۆربەی کات بە دەنکۆڵەبووشی پێدەگوترێت، دیاردەیەکی سروشتییە کە هەنگوین لە دۆخی شلییەوە دەگۆڕێت بۆ پێکهاتەیەکی دەنکۆڵەداری نیمچە ڕەق. کاتێک هەنگوین لە شانە دەهێنرێتە دەرەوە خێراتر بەرەو دەنکۆڵە بوون سەردەکێشێت وەک لەوەی لەناو چاوە شەشپاڵووەکەدایە.
‎بە شێوەیەکی گشتی بەکارهێنەرانی هەنگوین بەهەڵە لە "بەدەنکۆڵەبوونی هەنگوین" تێگەیشتوون. هەندیک لەوان پێیان وایە کە بەدەنکۆڵەبوونی هەنگوین بە هۆی جۆری خراپی هەنگوینەوەیە، خراپی هەڵگرتنی یاخود هەر پێیان وایە کە ناسروشتییە و هەنگوینێکی ساختەیە. لەڕاستیدا پێچەوانەکەی ڕاستە. گەر هاتوو هەنگوین بۆ ماوەیەکی زۆر بەدەنکۆڵە نەبوو، بێجگە لە جۆری ئەو هەنگوینەی کە هێواشتر دەچێتە ئەم دۆخەوە (ئەکەیشیا) ئەوا زۆربەی کات بە نیشانەیەکی ئاشکرا دادەنرێت کە هەنگوینێکی بێخەوشە و ساختە نییە.
‎بەدەنکۆڵەبوون بێ هیچ لێکدانەوەیەک جۆری هەنگوینەکە دەگۆڕێت. تەنها کاریگەری لەسەر ڕووی دەرەکی هەنگوین دەبێت وەکو ڕەنگ و پێکهاتەکەی. ئەمە پڕۆسەیەکی سروشتییە، گەر هاتوو هەنگوینی ژووری چێشتلێنانمان بە دەنکۆڵە بوو، ئەوا واتای ئەوە نییە کە خراپ بووە و بەکەڵکی خواردن نایەت. لەبیرت بێت بەدەنکۆڵەبوون خەسڵەتی هەنگوینی سروشتییە.
‎بۆچی هەنگوین بە دەنکۆڵە دەبێت؟
‎ بەشێوەیەکی سادە، هەنگوین ڕێژەیەکی زۆری شەکرە (کاربۆهیدراتە). بەگشتی ٧٠٪ ی کاربۆهیدراتە و کەمتر لە ٢٠٪ ی ئاوە. ڕوونە کە بە رێژەیی شەکر تێیدا زیاترە. واتە ئاوی هەنگوین ڕێژەی شەکرەکەی لەوە زیاترە کە بە شێوەیەکی سروشتی بتوانێ بیتوێنێتەوە. زۆری ڕێژەی شەکر مانەوەی شلەکە ناجێگیر دەکات. لەبەرئەوەی هەنگوینیش وەکو هەموو شتێکی دیکە لە سروشتدا بەدوای هاوسەنگبووندا دەگەڕێت، کەواتە گومانی تێدا نییە کە بەدەنکۆڵەبوون دیاردەیەکی سروشتییە و ئەو کاتە ڕوودەدات کە گلوکۆز لە ئاو جیادەبێتەوە. گلوکۆز بە شێوەیەکی بەدەنکۆڵەبوو دەمێنێتەوە و شلە چڕە بەراییەکە دەچێتە حاڵەتێکی هاوسەنگەوە. بەبێ ئاڵۆزکردنی شتەکان با پێکەوە کەمێ قوڵتر بچینە ناو بابەتەکەوە.
‎چ شتێک بریار لەسەر کات و چۆنیەتی بەدەنکۆڵەبوون دەدات؟
‎دوو جۆر شەکری سەرەکی لە پێکهاتەی کاربۆهیدراتی هەنگویندا هەیە، ئەوانیش فرەکتۆز و گلوکۆزن. بە پشتبەستن بە جۆرەکانی هەنگوین پێکهاتەی فرەکتۆز و گلوکۆز جیاوازە. ڕێژەی فرەکتۆز لە ٣٠٪ ی تا ٣٤٪، گلوکۆز لە ٢٥٪ هەتا ٤٠٪. زانینی ئەمە دەبێتە مایەی بەرچاوڕوونییەکی گشتی. هاوسەنگی نێوان فرەکتۆز و گلوکۆز لە پێکهاتەی هەنگویندا دەبن بە هۆکاری سەرەکی بۆ بەدەنکۆڵەبوونی هەنگوین؛ هۆکاریش دەبن بۆ زوو یا درەنگ بەدەنکۆڵەبوونی جۆری هەنگوینەکە. لەڕاستیدا گلوکۆز هۆکاری بنچینەیی بەدەنکۆڵەبوونە، بەهۆی کەمی ڕێژەی توانەوەی بە بەراورد لەگەڵ فراکتۆز کە بەهۆی ڕێژەیەکی تواوەی باشتر لە دۆخی شلیدا دەمێنێتەوە. کاتێک گلوکۆزی بەدەنکۆڵەبوو لە ئاو جیادەبێتەوە و دەگۆڕێت بۆ دەنکۆڵەی بچوک، وەکو لە سەرەوە باسمان کرد.
‎بە پێی جۆرەکانیان، هەنگوینەکان لە ئاستی جیادا بەدەنکۆڵە دەبن (لە یەک بۆ دوو مانگ تاکو زیاتر لە دوو ساڵ). هەندێ جۆری هەنگوین تەواو بە دەنکۆڵە دەبێت لە کاتێکدا ئەوانی دیکە بەو پرۆسە جێگیرەدا ناڕۆن. بۆ نموونە دەتوانرێت لە شوشەیەک هەنگویندا چینێک هەنگوینی بەدەنکۆڵەبوو، چینێک شلە لەسەرەوە ببینی. جۆرە جیاوازەکانی هەنگوین جیاوازن لە قەبارەی شکڵگرتووی دەنکۆڵەکانیان. بەشێوەیەکی بنچینەیی تا زووتر هەنگوین بەدەنکۆڵە بێت دەنکۆڵەکانی باشترن.
‎هەنگوینی بە دەنکۆڵەبوو زەردترە لە هەنگوینی شل.
‎لەگەڵ ئەوەی کە ژمارەیەک هۆکاری دیکە هەن، هەندێکیان زیاتر شایانی تێڕوانینن، کە دەکرێ دەستپێک بن، پڕۆسەی بەدەنکۆڵەبوون خێرا یاخود هێواش بکەنەوە. تەنانەت دەکرێ دوای لە فەرازەدانی هەنگوین، لەژێر دۆخی تایبەتدا دوای چەند ڕۆژێك هەنگوین بەدەنکۆڵە بێت. پێکهاتەکانی هەنگوین لەگەڵ گلوکۆز و فرەکتۆز لە چەندین کاربۆهیدراتی دیکە پێکهاتووە، هەروەها سێسەد مادەی دیکەش لەخۆدەگرێت، وەکو ئامینۆ ئەسیدەکان، پرۆتین، پێکهاتە کانزاییەکان، ئەسیدەکان، کە دەکرێ ئەوانیش بەشداربن لە بەدەنکۆلەبوونی هەنگویندا. زیاتر بڵێین، دەکرێ تەواوی پڕۆسەکە خێراتر بێت گەر بێتو هەندێ تۆزی هەڵاڵەی گوڵ یان کەمێ لە پارچە مێو یاخود دەنکۆڵەی هەنگوینێکی تر بکەوێتە ناو هەنگوینەکەوە. بە شێوەیەکی گشتی، گەر ئارەزوو دەکەی هەنگوین لە دۆخێکی ئاوا بێت یاخود زۆر حەزدەکەی بەدەنکۆڵەبوو بێت، بە تێکردنی یەک کەوچک لە هەنگوینی بەدەنکۆڵەبوو بۆ ناو هەنگوینە شلەکەوە دەتوانی بە شێوەیەکی زۆر نایاب پڕۆسەکە خێراتر بکەیت.
‎پلەی گەرما و ڕێژەی شێ، هەروەها جۆری دەفری هەڵگرتنی هەنگوینەکەش دەکرێ کاریگەرییان هەبێت. لە حاڵەتی خوازراوی دواکەوتنی دەنکۆڵەبوون بۆ ماوەیەکی زۆر، هەتا ئەو کاتەی بۆت دەکرێت، بەشێوەیەکی سەرەکی ئەوە پلەی گەرمییە کە دەبێت زیاتر جەختی لەسەر بکرێتەوە. لە پلەی گەرمی ژووری ماڵەوە، پڕۆسەی بەدەنکۆڵەبوون دەکەوێتە سەر جۆری هەنگوینەکە، کە دەکرێ لە چەند هەفتەیەکدا یان چەند مانگێک یاخود بەدەگمەن چەند ڕۆژێک تێپەڕ نەکات.
‎لەژێر ١٠ پلەیگەرمی پلەیەکی نایابە بۆ دواخستنی بەدەنکۆڵەبوونی هەنگوین، لەکاتێکدا لە ١٠ پلە بۆ ٢١ پلە باشترینە بۆ بەدەنکۆڵەبوون. پلەی گەرمی بەرزتر (٢١ بۆ ٢٧) وەکو پلە گەرمییە نزمەکان دەتوانن بە دەنکۆڵەبوون دوابخەن بەڵام کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر هەندێ پێکهاتەی بەنرخی هەنگوین (لە ماوەی هەڵگرتنی درێژخایەندا). لەگەڵ ئەوەی کە پلەی گەرمی بەرز دەتوانێ رێگە لە بەدەنکۆڵەبوون بگرێت، بەڵام بێ پاشگەز بوونەوە هەنگوین خراپ دەکات بە ئەنجامێکی باشی کەمتر (لەماوەی هەڵگرتنی درێژخایەندا).
‎هەردوو پلەی زۆر گەرم و ژێر سفر بەشێوەیەکی نەرێنی کاردەکەنە سەر هەنگوین. مایەی سەرنجە کە هەندێ لە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە گەر بێتو بۆ ماوەی پێنج هەفتە هەنگوین لە پلەی گەرمی سفر هەڵبگیرێت، پاشان لە پلەی گەرمی چواردە دایبنێین ئەوا بۆ ماوەیەکی باش وەکو خۆی و لە دۆخی شلی دەمێنێتەوە. ئەمە ڕاستییەکی کوونجکۆڵانەیە کە نووسەری ئەم بابەتە نە گەرەنتی دەکات نە نکوڵیشی لێدەکات. 

ئامادەکردنی:
ئاوارە عومەر


Previous Post
Next Post
Related Posts