2/10/2019

نەخۆشی و ئافاتەکانی هەنگ:

نەخۆشی و ئافاتەکانی هەنگ:

یەکەم: نەخۆشیە ڤایرۆسیەکان:
ڤایرۆس مادەیەکی بۆماوەییە بەپەردەیەکی پرۆتینی دەورە دراوە. لەسەر مادە خۆراکیەکانی ناو خانەی خانەخوێکەی دەژی و هەڵئەسێت بە تێکشکاندنی خانەکانی و لەهەمان کاتدا ژمارەی پارچەکانی زیاد دەکات کەبە وردبینی ئاسایی نابینرێن. پاشان لەو خانەیە دێنە دەرەوە ئامادەن بۆ توشکردنی خانەیەکی تر.
ئەو ڤایرۆسانەی توشی هەنگ دەبن توشی هیچ گیاندارو مێرویەکی تر نابێت لەبەرئەوە هیچ مەترسیەکیان نیە بۆ تەندروستی مرۆڤ.

1. نەخۆشی بەتورەکەبونی بەچە (مرض تکیس الحضنة Sacbrood diseases SAV
بۆیەکەمجار لەساڵی 1913 لەلایەن White ەوە دۆزرایەوە. ئەم ڤایرۆسە شێوەی شەشپاڵوی هەیە تیرەکەی ٢٨ نانۆمیتەرە(Baily  و هاوەڵەکانی ١٩٦٤، ١٩٧٥). یەکێکە لە نەخۆشیە باوەکان کەتوشی هەنگ دەبێت و بە ئاسانی دەست نیشان دەکرێت:
1-سەری کرمۆکەی توشبوو ڕەش دەبێتەوە.
2- کرمۆکەی توشبو لەسەر پشت دەکەوێت و ڕادەکشێت لەناو چاوەشەشپاڵویەکەداو سەریشی کەمێک بۆ سەرەوە بەرز دەبێتەوە.
3- پاڵەکان ئەو چاوانەی کەکرمۆکەی تووشبووی تێدایە بەکراوەیی دەیهێڵنەوەو دایناخەن.
4- کرمۆکەی مردوو سەرەتا ڕەنگی سپی کاڵە پاشان زەردهەڵئەگەڕێت و  دواتر بەتێپەڕبوونی کات و پلە بەپلە ئەگۆڕێت بۆ قاوەیی تێر. دەرکەوتنی ڕەنگی قاوەیی لەناوچەکانی سەرو سنگ لە دیارترین نیشانەکانی ئەم نەخۆشیەن.
٥- کرمۆکەی مردوو بەئاسانی لەچاوەکان بە موکێش دەردێت و وەک تورەکەیەک دەلکێت بە موکێشەکەوە.
6- تورەکەکە بریتیە لە پێستی کرمۆکەکە کە هێشتا کارژی (انسلاخ) فڕێنەداوە و پڕە لە شلەیەکی ئاوی کە بەئاسانی دێتە دەرەوە لەکاتی بڕین و کونکردنی.
7- ئەگەر کرمۆکەی مردوو دەرنەهێنرێت ئەوا وشک دەبێتەوە دێتەوەیەک و ئەگۆڕێت بۆ کڕێشێکی قاوەیی یان ڕەش لەبنەوەی چاوە شەشپاڵویەکە ، هاوشێوەی نەخۆشیەکانی بەچە گەنینی ئەمریکی و ئەوروپی.
8- کڕێشەکە scale  بەتەواوی نالکێت بەبەشی بنەوەی چاوە شەشپاڵویەکە وەک لە بەچە گەنینی ئەمریکی ڕودەدات.
9- کرمۆکە مردووەکان بەهۆی ڤایرۆسی SBV هیچ بۆنێکی تایبەتیان لێوە نایەت بەپێچەوانەی نەخۆشیە بەکتریایەکان.
10- بوونی چاوی شەشپاڵوی تەواو قەپات نەکراو بەپرش و بڵاوی لەنێو  بەچەی سەرقەپاتکراو وهەروەها بوونی بەچەی سەرقەپات کە هێشتا سەرداخراوەو نەهاتۆتە دەرێ لەکاتێکدا چواردەورەکەی هەموو هاتونەتە دەرێ.
11- نەگەشتنی کرمۆکە تووشبووەکان بۆ قۆناغی پیوپا .
باوەڕوایە کە ڤایرۆسەکە توشی ئەو کرمۆکە بچوکەکانە دەبێت کەتەمەنیان ٤٨ کاتژمێرەو زۆر هەستیارن بۆ توشبوون.
لەبەرئەوەی ڤایرۆس چارەسەری نیە بۆیە هەنگەوانان ئامۆژگاری دەکرێن بەگرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانەی خوارەوە:
١-بەهێزکردنی کورە لاوازەکان بە هێنانی هەنگ بۆیان.
٢- گۆڕینی شاژنی کورە توشبووەکان.
٣- چاک کردنی بارودۆخی ژینگەیی هەنگەڵان.
٤- دانانی کورەکان لەسەر هەڵگرو تەپڵەک بۆ ڕێگری لەچوونە ژورەوەی ئەو هەنگانەی لەسەر زەوی ئەسوڕێنەوەو ئەگەری توشبوونیان هەیە. 
٥- Hirsh  و Kaplan  لەساڵی 1987باس لەوە دەکەن کە ئینتەرفیرۆن interferon  و پێکهاتە ئەمینیە ناوکیەکان  amino nucleoside compounds  کەبەکاردێت لەچارەسەری نەخۆشیە ڤایرۆسیەکانی مرۆڤ و ڕێ لەزۆربوونی ڤایرۆسەکان ئەگرێت ئەکرێت بەکاربێت لەچارەسەری نەخۆشیە ڤایرۆسیەکانی هەنگ بەڵام ئەم دەرمانانە تێچووی گرانە.
 لەساڵی ١٩٩٩ ماددەیەکی تر بەکارهات لەچارەسەری نەخۆشیە ڤایرۆسیەکانی هەنگ کەبریتی بوو لە ئیندۆگلوکین Endoglukin و بەبڕی 5000 یەکە بۆ هەرکورەیەک بەکار دێت.

ئامادەکردنی:دانا عزیز احمد
ماستر لە بەشی مێرووە ئابوریەکان هەنگ


Previous Post
Next Post
Related Posts